عەبوودی: زەیدی پاڵپشتی کۆدەنگی هەیە بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، چاکسازیی دامەزراوەیی لە وڵاتدا بە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەست پێدەکات، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیران پاڵپشتییەکی کۆدەنگی هەیە بۆ گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە و پەرلەمانیش دەسەڵاتی تەواوی بە حکوومەت داوە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەکان.
هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند،" عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، خاوەنی پاڵپشتی و کۆدەنگییەکی سیاسی و نیشتمانی گەورەیە بۆ بەردەوامبوون لە دۆسیەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و وشککردنی رێڕەوەکانی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی وڵاتدا."
گوتیشی: "روانگەی حکوومەت بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی لەسەر دوو بنەمای سەرەکی وەستاوە، ئەوانیش: سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی." ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق پێویستی بە ژینگەیەکی ناوخۆیی سەقامگیر و ئارام هەیە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی، ئەمەش تەنها بە سەروەری یاسا و پاراستنی شکۆی دەوڵەت بەدی دێت.
سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گوتەبێژی حکوومەت روونی کردەوە، هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن لەسەر بنەمایەکی روون و جێگیرە کە لە پلەی یەکەمدا بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە کەرتەکانی ئابووری و ئەمنیدا رەچاو دەکات، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق.