چین درۆنێک بە قەبارەی مێشوولە بۆ ئەرکی هەواڵگری پەرەپێدەدات

چین بەردەوامە لە کارکردن بۆ پەرەپێدانی جۆرە جیاوازەکانی فڕۆکەی سیخوڕی زۆر بچووکی بێفڕۆکەوان.

هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێک کە گۆڤاری " چاینا ئارمی" بڵاویکردووەتەوە، لەم دواییانەدا لە زانکۆی نیشتمانی بۆ تەکنەلۆژیای بەرگری لە کۆماری میللی چین، درۆنێکی زۆر بچووک بە قەبارەی مێشوولە ئاشکرا کراوە، کە بۆ مەبەستی سیخوڕی نهێنی و جێبەجێکردنی ئەرکی تایبەت دیزاین کراوە.

لە راپۆرتەکدا باس لەوەشکراوە، کێشی ئەم ئامێرە کەمتر لە 0.3 گرامە و لەسەر بنەمای دیزاینێکی بایۆلۆژی دروست کراوە کە هاوشێوەی جوڵەی مێشوولەیە لە کاتی فڕیندا، بە شێوەیەک خێرایی لێدانی باڵەکانی دەگاتە نزیکەی 500 جار لە چرکەیەکدا.

ئەم داهێنانە خاوەنی دوو باڵە کە لە گەڵای بچووک دەچن، هەروەها لە کاتی نیشتنەوەدا پشت بە سێ قاچی زۆر ورد دەبەستێت، سەرەڕای بچووکی قەبارەکەی، دەتوانرێت ئامێر و سیستەمی کۆنترۆڵی پێشکەوتووی تێدا جێگیر بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری.

ئەم درۆنە بەوە جیادەکرێتەوە کە توانایەکی زۆری هەیە بۆ خۆشاردنەوە و دزەکردنە ناو ئەو شوێن و دامەزراوانەی کە ئامێرە سیخوڕییە کلاسیکییەکان ناتوانن پێی بگەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەی کەمی تەمەنی پاتری هێشتا وەک ئاڵەنگارییەکی سەرەکی ماوەتەوە، کە ماوەی مانەوەی لە ئاسماندا کەم دەکاتەوە، هەروەها سووکی کێشەکەی وای لێدەکات زوو بکەوێتە ژێر کاریگەری با و رەشەبای بەهێز، کە رەنگە لە رێڕەوە دیاریکراوەکەی دووری بخاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پنتاگۆن)یش کار لەسەر پەرەپێدانی درۆنی زۆر بچووک دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ نموونەیەکی ئامادەکراو بۆ کارکردنی لەم جۆرە ئاشکرا نەکردووە.