ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی: رووسیا خۆی بۆ هێرشێکی بەرفراوان ئامادە دەکات

سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداریدا لەوەی هێزەکانی رووسیا خۆیان بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر وڵاتەکەی ئامادە دەکەن و داوای لە هاووڵاتییان کرد بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، زۆر گرنگە، گرنگی بە زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بدرێت، ئاماژەی بەوەشدا، رووسییەکان خۆیان بۆ هێرشێکی بەرفراوان ئامادە دەکەن، بۆیە تکایە ئاگاداری خۆتان بن.

هۆشدارییەکانی زێلێنسکی لە کاتێکدایە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەی رووسیا لانیکەم شەش کەس لە ئۆکرانیا کوژراوە.

هەروەها لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی دووشەممەی رابردوو کرایە سەر ئۆکرانیا، 10 کەس کوژران، زیانێکی زۆریش بە کەنیسەی دێرینی 'پێچەرسک لاڤرا؛ گەیاند کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1501ـی زایینی و هێمای میراتی رۆحی و کولتووری ئۆکرانیایە.

لە بەرانبەردا سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنی دا کە سوپای وڵاتەکەی درێژە بە هەڵمەتی هێرشی مامناوەند و دوور مەودا دەدات کە بە پلەی یەکەم تیشک دەخاتە سەر بە ئامانجگرتنی کەرتی نەوت و وزەی رووسیا.

لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، هەروەها لە ئەنجامی ئەو جەنگە دەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون و بە ملیۆنان ئۆکرانی ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون، هاوکات چەند جارێک هەردوولا دانوستانیان کردووە و دیلەکانیان گۆریوەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا جەنگ بەردەوامە و رۆژانە بە درۆن و مووشەک و هێرشی سەربازیی هێرش دەکەنە سەر یەکتر.