چۆن پزیشکێکی کورد توانی خەڵاتی باشترین پزیشکی رووسیا بەدەستبهێنێت؟

لە رێورەسمێکی گەورەدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی رووسیا، دکتۆر رۆنی بەها مایی، پزیشکی کورد، خەڵاتی باشترین پزیشکی رووسیای بۆ ساڵی 2026 پێبەخشرا، ئەمەش وەک رێزلێنانێک بۆ داهێنانە پزیشکییەکەی لە بواری چارەسەری مێشک و دەماردا.

ئاهەنگی "پریزڤانیێ"، ساڵانە بۆ باشترین پزیشکانی رووسیا رێکدەخرێت، تاتیانا گۆلیکۆڤا، جێگری سەرۆکوەزیران و میخائیل موراشکۆ، وەزیری تەندروستیی رووسیا ئامادەی بوون. دکتۆر رۆنی وەک تەنیا پزیشکی کورد لە نێو لیستی خەڵاتکراوەکاندا بوو.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خۆشەوی محەممەد، پەیامنێری کوردستان24، دکتۆر رۆنی بەها مایی، پزیشکی نەشتەرگەری منداڵان، تیشکی خستە سەر داهێنانەکەیان و گوتی: "نەشتەرگەرییەکە بۆ منداڵان لێرە لە رووسیا دەکرێت و نوێترین تەکنەلۆجیایە لە جیهاندا. ئێمە لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە جینی باش دەخەینە نێو مێشکی منداڵەکەوە بۆ ئەوەی جێگەی جینە خراپەکە بگرێتەوە، بەمەش منداڵەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە بکات و بجوڵێت."

دکتۆر رۆنی لەگەڵ تیمەکەیدا رێگەیەکی نوێیان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی (کەمیی دیکاربوکسیلەیز) دۆزیوەتەوە. ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی پەککەوتنی جەستە و کەمئەندامییەکی توند، بە جۆرێک منداڵەکە تەنیا لە رێگەی بۆرییەوە خواردن وەردەگرێت.

لەلایەن خۆیەوە دمتری ریشکەڤە، پزیشکی نەشتەرگەری منداڵان، بۆ پەیامنێری کوردستان24 باسی لە گرنگیی چارەسەرەکە کرد و گوتی: "ئەمە رێگەیەکی نوێیە بۆ رزگارکردنی ئەو منداڵانەی پێشتر رووبەڕووی مردن دەبوونەوە. بە هەوڵی تیمەکەمان توانیمان داهێنانەکە بدۆزینەوە، ئێستا دەتوانین لە تەمەنی کەمتر لە یەک ساڵیدا نەشتەرگەری بۆ ئەو منداڵانە بکەین و بیانگەڕێنینەوە ناو ژیانێکی ئاسایی."

هەروەها سێرگی گرێلیک، پزیشکی بەنج، خۆشحاڵیی خۆی بەو دەستکەوتە زانستییە دەربڕی و بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "خۆشحاڵم بە بەشداریکردنم لەم رووداوە گرنگەدا لەگەڵ تیمەکەمان. توانیمان ئەم داهێنانە مەزنە بەدەستبهێنین و بەنیازین بۆ داهاتوو زیاتر پەرەی پێ بدەین بۆ ئەوەی چارەسەری زیاتری منداڵان بکەین."

ئەم نەشتەرگەرییە بە شاشەی زیرەک و چاودێریی ڤیدیۆیی دەکرێت، دەرمانەکە بە بڕێکی زۆر کەم دەگەیەندرێتە شوێنی ئامانج لە نێو مێشکدا. ئەم دەستکەوتە پزیشکییە وەک شانازییەک بۆ کورد لە دەرەوەی وڵات هەژمار دەکرێت.

خەڵاتی (پریزڤانیێ) گەورەترین و گرنگترین خەڵاتی بواری پزیشکییە لە وڵاتی رووسیا، ساڵانە دەدرێتە ئەو پزیشک و زانایانەی داهێنانی نوێ و کاریگەر لە کەرتی تەندروستیدا دەکەن. 

نەخۆشی (کەمیی دیکاربوکسیلەیز) نەخۆشییەکی دەگمەنی بۆماوەییە، دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی دەمار و مێشک، بەهۆیەوە جەستە ناتوانێت ماددە کیمیاییە گرنگەکانی وەک دۆپامین و سیرۆتۆنین بەرهەمبهێنێت.

 چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە لە رێگەی گۆڕینی جینات و نەشتەرگەریی مێشکەوە، هەنگاوێکی زۆر گەورەیە لە زانستی پزیشکیی سەردەمدا، هیوا دەبەخشێتە سەدان خێزان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ رزگارکردنی منداڵەکانیان لە پەککەوتەیی هەمیشەیی.