دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سویسرا دەستیپێکرد
دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەردوو وڵاتی نێوەندگیر پاکستان و قەتەر دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بنەڕەتی.
یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی سویسرا دەستیپێکرد.
ئەم گفتوگۆیانە بە چاودێری و ئامادەبوونی فەرمی نوێنەرانی پاکستان و قەتەر وەک دوو وڵاتی نێوەندگیر بەڕێوە دەچن، کە ئامانج لێیان دۆزینەوەی چارەیەکی گشتگیرە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
شاندی ئەمریکی لەم کۆبوونەوەیەدا لە لایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە سەرکردایەتیی دەکرێت، لە بەرامبەردا شاندی ئێرانی لە لایەن محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، سەرکردایەتیی دەکرێت.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، گەشبینی خۆی بە کۆبوونەوەکە دەربڕی و لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا." هاوكات هیوای خواست دانوستانەکان ئەنجامی زۆر باشی لێبکەوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە دۆناڵد ترەمپ، داوای لە شاندی دانوستانکار کردووە "لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلی ئێراندا بکەنەوە."
ڤانس گوتیشی: "ئێستا ئێمە داهاتوویەکی هاوبەش دەبینین کە تێیدا هەمووان دەتوانن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و گەشەسەندن کار بکەن."
ئەم گفتوگۆیانە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لە هاوینەهەوارێکی شاخاوی دوورەدەست لە سویسرا بەڕێوەدەچن و، تیشک دەخرێتە سەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کاتی کە هەفتەی رابردوو واژۆ کراوە.
ئەم یاداشتە داوای سەر لە نوێ کردنەوەی گەرووی هورمز و راگرتنی سەرجەم کردەوە جەنگییەکان لە هەموو بەرەکاندا دەکات، بە بەرەی لوبنانیشەوە کە ئێستا رووبەڕووی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بووەتەوە.
لە بارەی ماوەی گفتوگۆکانەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: کە دانوستانی ئەمڕۆ بە بەشداریی پاکستان و قەتەر، تەنیا بۆ ماوەی یەک ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
هاوکات ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر روونی کردەوە، کە چەندین گرووپی پسپۆڕی تەکنیکی پێکهێنراون بۆ دانوستاندن لەسەر بڕگەکانی ڕێککەوتنی کۆتایی، کە سەرجەم لایەنەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دەگرێتەوە.
بە پێی مەرجەکانی ئەم یاداشتە، لایەنەکان بۆ ماوەی 60 رۆژ لەسەر پرسە جیاوازەکان دانوستان دەکرێت، لەوانەش سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر یەک لە ڤانس و قالیباف پێشتر و لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەردا، لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەیان ئەنجامدابوو.