ساسان عەونی: لە کابینەی نۆیەمدا 7.5 ملیار دۆلار لە کەرتی گەشتیاری وەبەرهێنان کراوە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، کە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کەرتی گەشتیاری کراوەتە یەکێک لە پێشینە هەرە گرنگەکان بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات. ئاشکراشی کرد کە تا ئێستا زیاتر لە 80 پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری بە گوژمەی 7.5 ملیار دۆلار جێبەجێ کراون.

یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی سێیەم ساڵیادی دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ماوەی ئەم کابینەیەدا زیاتر لە 80 پڕۆژەی ستراتیژیی گەشتیاری بە تێچووی 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

رایشیگەیاند: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3 هەزار بنکە و شوێنی گەشتیاری هەن، و حکومەت دەرگای بۆ وەبەرهێنەران واڵا کردووە تا ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر بکەن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ساسان عەونی باسی لە رەهەندە کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکانی ئەم پڕۆژانە کرد و گوتی: "زیاتر لە 20 هەزار هەلی کار لە کەرتی گەشتیاری رەخسێنراوە، کە 80%ـی ئەو هێزە مرۆییە دەستی کاری خۆماڵین." جەختیشی کردەوە، حکوومەت لە رێگەی بڕاندکردنی بەرهەمەکانی کوردستان، کار بۆ پاراستنی شوناسی نیشتمانی و زمانی کوردی دەکات.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لەوەش کرد، پەرەپێدانی رێگاوبانەکان رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە بوژانەوەی گەشتیاری و گوتی: "جێبەجێکردنی زیاتر لە 700 پڕۆژەی رێگاوبان لەم کابینەیەدا وای کردووە گەشتیاران بە ئاسانی بگەنە دوورترین ناوچە گەشتیارییەکان."

ساسان عەونی داوای لە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت کرد، کە سوود لەو ئاسانکارییە کردەییانە وەربگرن کە حکوومەت بۆیانی دابین دەکات، تاوەکو کوردستان لە هەر چوار وەرزی ساڵدا ببێتە ناوەندێکی جیهانیی وەبەرهێنان و گەشتیاری.