عێراقچی: پێشکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، نێوەندگیرییەکانی قەتەر و پاکستان پێشوەچوونی گەورەیان بەدەستهێناوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان. ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا گۆڕانکاریی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی دانوستانەکاندا، هەناردەی نەوت و پێترۆکیمیاوی ئێران لە سزاکان بەدەرکراونو گەمارۆ ئابوورییەکان لادراون و بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازادکراون هەروەها پلانێکی گەورە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەستپێدەکات.

عێراقچی جەختی کردەوە، "تاقیکردنەوەی راستەقینە" سەرکەوتنی ئەو شانەیەیە کە بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە لوبنان پێکهێنراوە. هاوکات، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر جێگیرکردنی میکانیزمێک بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.

بەگوێریە بەیاننامەیەکی هاوبەشی قەتەر و پاکستان کە سەرپەرشتی دانوستانەکانی بورگنشتۆکیان لە سویسرا کردووە، لایەنەکان لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێککەوتوون بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا.

بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردراوە، لیژنەیەکی باڵا بۆ سەرپەرشتیکردنی سیاسیی پرۆسەکە پێکبهێنرێت و گرووپی کاری تایبەت بۆ دۆسیەی ئەتۆمی، سزاکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەستبەکاربن. هەروەها کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ بۆ رێگری لە هەر تێگەیشتنێکی هەڵە یان رووداوێکی نەخوازراو لە ناوچەکە بکرێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، گەڕی یەکەمی دانوستانە باڵاکان کۆتایی هاتووە، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان لە سویسرا دەمێننەوە بۆ تەواوکردنی وردەکارییەکانی پەیوەست بە پابەندییەکانی لایەنی بەرامبەر.