چوار فڕۆکەخانەی مۆسکۆ داخران

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی رووسیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند، چوار فڕۆکەخانەی مۆسکۆیان بەکاتی داخست، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشی درۆنی کرایە سەر شارەکە. 

سێرگی سۆبیانین سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە رێگەی تێلێگرامەوە رایگەیاند، 59 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوبراون. هەرچەندە سۆبیانین ئاماژەی بەوە نەکرد کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ئۆکرانیاوە هاتوون یان نا.

لەبەرامبەردا ئۆلێگ کیپەر، پارێزگاری ناوچەی ئۆدێسا لە باشووری ئۆکرانیا لە کەناڵی تێلێگرام رایگەیاند، رووسیا ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، بە مووشەکی بالیستیکی ئیسکاندەر ناوچەکەی بۆردومان کرد، کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی هێرشەکە دامەزراوەیەکی کشتوکاڵی لە ئۆدێسا بە ئامانج گرتووە، ئۆتۆمبێل و تانکی سووتەمەنی ئاگریان گرتووە.

ئۆکرانیا لەم دواییانەدا هێرشەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر رووسیا، بەتایبەتی نیمچە دوورگەی کریمیا، چڕتر کردووەتەوە، هەروەها رێگاکانی دابینکردنی سووتەمەنی لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی سووتەمەنی کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جەژن.

بەڕێوەبەرێکی تۆڕی کارەبای ناوخۆیی رووسیا رایگەیاند، بەهۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی کارەبا لە چەند ناوچەیەک کارەبا پچڕا، هاوکات خزمەتگوزارییەکانی کەشتی بەسەر گەرووی کێرچ کە دەکەوێتە نێوان نیمچە دورگەی کریمیا و ناوچەی کراسنۆدار بەشێوەیەکی کاتی راگیرا.

دەسەڵاتداران بۆ ماوەی زیاتر لە نۆ کاتژمێر هاتوچۆیان لەسەر ئەو پردە راگرت کە کریمیا بە ناوچەی کراسنۆدار لە رووسیا دەبەستێتەوە و بەهۆیەوە 11 شەمەندەفەر دواکەوتن.

لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، هەروەها لە ئەنجامی ئەو جەنگە دەیان هەزار کەس کوژران و برینداربوون، بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆو دەرەوەی وڵات بوون.