نەوزاد شێخ کامیل: پرۆسەی زیادکردنی ناوی منداڵان بۆ بەشەخۆراک بەردەوامە

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان لە بەردەوامیی پرۆسەی زیادکردنی ناوی منداڵان بۆ سەر فۆڕمی بەشەخۆراک ئاگادار دەکاتەوە و داوایان لێدەکات لە کاتی تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیاندا وردبن.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند؛ پرۆسەی زیادکردنی ناوی منداڵانی تازە لەدایکبوو تا تەمەنی خوار 12 ساڵان بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بەردەوامیی هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت کە هیچ منداڵێک لەو مافە سەرەتاییەی خۆی بێبەش نەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی داوای لە خێزانەکان کرد، "بە وریایی و بە شێوەیەکی دروست، ناوی منداڵەکانیان لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراکدا تۆمار بکەن."

جەختیشی کردەوە، تۆمارکردنی ناوەکان بە شێوازێکی دروست و ورد، تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە بەشەخۆراکی مانگانە بێبەش نەبن و شایستە دارایی و خۆراکییەکانیان بۆ دابین بکرێت.