ئەمریکا مۆڵەتێکی 60 رۆژەی بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دەرکرد
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، وەک بەشێک لە لێکتێگەیشتنە نوێیەکانی نێوان واشنتن و تاران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆڵەتێکی کاتی بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەرکردووە، ئەمەش بەرامبەر پابەندبوونی ئێران بە چەند مەرجێکی نێودەوڵەتییەوە.
دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ بەردەوام و بەرهەمدارەکانی سویسرا، ئێران پابەندبوونی خۆی نیشانداوە بە پاراستنی هاتوچۆی ئازاد لە گەرووی هورمز و ڕێگەدان بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (IAEA) بۆ ناو وڵاتەکەی.
وەزیری گەنجینە ئاماژەی بەوە کرد، وەک بەشێک لەو چوارچێوەیە، وەزارەتەکەیان مۆڵەتێکی گشتی کاتی بۆ ماوەی 60 رۆژ دەرکردووە کە رێگە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی ئێران دەدات.
بێسێنت باسی لەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە لەژێر سەرپەرشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگرەکەیدا ئەنجامدراوە، بە ئامانجی سەقامگیرکردنی زیاتری ناوچەکە و جیهان و بەرەوپێشبردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی.
هەر ئەمڕۆ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆکانی بێرگنستۆک لە سویسرا بەرەوپێشچوونی گەورەیان بەدەست هێناوە، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و چارەسەری هەمیشەیی لەگەڵ ئێران.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، رێکارێکیان بۆ بەکراوەیی هێشتنەوەی گەرووی هورمز و پاککردنەوەی لە مینەکان داناوە.
هەروەها باسی لەوە کرد، ئێرانییەکان رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ بانگهێشتکردنی چاودێرانی نێودەوڵەتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ وڵاتەکەیان، ئەمەش بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ وەسف کرد.
دوێنێ یەکشەممە، 21ی حوزەیران، کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمریکا، ئێران، پاکستان و قەتەر لە لە ناوچەی بێرگنستۆکی سویسرا بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، قەتەر و پاکستان کە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەسەر کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوە هاوبەشەکە، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
1. نەخشەڕێیەک پەسەند کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
2. هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر ڕووداو و هەڵەتێگەیشتنێک بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
3. لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنەکان. لەژێر دەستی ئەم لیژنەیەدا، چەند گرووپێکی کارکردن دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چاودێریکردن و چارەسەری کێشەکان.
4. بە بەشداریی حکوومەتی لوبنان و ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، شانەیەکی هێورکردنەوە دروست دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەتەواوی کۆتاییان دێت.
5. بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە، دانوستاندنە تەکنیکییەکان لە هاوینەهەواری بۆرگێنشتاک لە سویسرا لەسەر هەموو پرسەکان بەردەوام دەبن.