سەرۆکی لوبنان: گفتوگۆکانی ئەمجارە لەگەڵ ئیسرائیل یەکلاکەرەوە دەبن
لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی ئەمریکادا، گەڕی پێنجەمی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان شاندە سیاسی و سەربازییەکانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن دەستیپێکرد، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەیەک بۆ کۆتایهێنان بەو شەڕەی کە لە مانگی ئاداری رابردووەوە لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا دەستیپێکردووە.
سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، گەڕی پێنجەمی دانوستانە راستەوخۆکان لە واشنتن دەستیپێکرد کە بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، لە نێوان شاندە سیاسی، ئەمنی و سەربازییەکانی لوبنان و ئیسرائیل.
لای خۆیەوە جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، لە راگەیەنراوێکدا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم گەڕە نوێیە رەنگە یەکلاکەرەوە بێت، و پێداگریی لوبنانی لەسەر رەتکردنەوەی "داگیرکاری" ئیسرائیل و "سەرپەرشتی" دەرەکی دووپات کردەوە.
عۆن روونی کردەوە، کە بە کەمتر لە کۆتایهێنان بە داگیرکاریی ئیسرائیل رازی نابێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چوار گەڕی پێشووی دانوستانەکان لە مانگی نیسانەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە ئاگربەستی هەمیشەیی یان کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی باشوور دەستەبەر بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی لوبنانی و دوو بەرپرسی بیانی پەیوەندیدار بە کاروباری لوبنان بە ئاژانسی "رۆیتەرز"یان ڕاگەیاندووە، کە رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا پێگەی دەوڵەتی لوبنانی لاواز کردووە و پرسیاری لەسەر گرنگیی گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی بەیرووت لەگەڵ ئیسرائیل دروست کردووە.
بەرپرسە لوبنانییەکە گومانی خۆی دەربڕی لەوەی کە دانوستانەکان ببنە هۆی پێشکەوتنی بەرچاو و گوتی: "کێشەیەکی بنەڕەتی لە متمانەدا لە نێوان ئێمە و ئیسرائیلییەکان لەم گفتوگۆیانەدا هەیە، ئێمە ناتوانین داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ بکەین، ئەوانیش هەموو داواکارییەکانی ئێمە رەتدەکەنەوە."
هەروەها جەختی کردەوە کە شاندی لوبنانی لە کاتی گفتوگۆکاندا داوا لە ئیسرائیل دەکات خشتەیەکی کاتیی "عەقڵانی" بۆ کشانەوەی لە باشوور پێشکەش بکات. پێشتر دەسەڵاتدارانی لوبنان چەندین جار رایانگەیاندبوو، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان مسۆگەرکردنی کشانەوەی سەربازیی ئیسرائیلە، بەڵام بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل پێداگری دەکەن کە هێزەکانیان بۆ ماوەیەکی نادیار لە باشووری لوبنان دەمێننەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەیڤد مینسەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: کە ئامانجی گفتوگۆکانی داهاتوو بریتییە لە "چەککردنی حزبوڵڵا و گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی راستەقینە" لەگەڵ لوبنان.
هاوکات گوتیشی: تاکە رێگر لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ لوبنان حزبوڵڵایە و "بۆیە پێمان وایە پێویستە چەکبکرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە."
حکوومەتی لوبنان لە ساڵی 2025ـەوە بە وریاییەوە هەنگاوی ناوە بەرەو چەککردنی حزبوڵڵا بەبێ ئەوەی راستەوخۆ رووبەڕووی ببێتەوە، لە ترسی ئەوەی نەک ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی.
لە بەرامبەردا، حزبوڵڵا بە تەواوی دانانی چەک رەتدەکاتەوە و داوای لە حکوومەت کردووە لە دانوستانە راستەوخۆکانی لەگەڵ ئیسرائیل بکشێتەوە.
حزبوڵڵا پێشبینی دەکات کە ئێران هاوکاتی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا داوای کشانەوەی ئیسرائیل بکات و، پێی وایە پێویستە حکوومەتی لوبنان گرەو لەسەر ئەم رێڕەوە بکات نەک دانوستانە راستەوخۆکان.