ترەمپ: پشکنەرانی ئاژانسی ئەتۆمی لە کاتی گونجاودا دەچنە تاران

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاران لەژێر گوشارێکی توندی ئابووری و ناوخۆیدایە و لە ناو کۆبوونەوەکاندا بە تەواوی رازی بووە بە ئەنجامدانی پشکنینە ئەتۆمییەکان، هاوکات هۆشداریی دا کە ئەگەر ئێرانییەکان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن، هەر ئێستا دانوستانەکان هەڵدەوەشێنێتەوە.

سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەرنجی خستە سەر دۆخی نالەباری ناوخۆی ئێران و رایگەیاند، تاران لەژێر گوشارێکی توندایە. هەروەها جەختی لەسەر بەهێزیی ئابووری ئەمریکا و بەردەوامیی پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.

ترەمپ رایگەیاند، ئێران رووبەڕووی قەیرانی گەورەی برسێتی، کەمیی خواردن و دەرمان بووەتەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 300% و "ئەوان کێشەی زۆریان هەیە."

لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە ئاراستەی رێککەوتنی ئەمریکا-ئێران دەکرێن ترەمپ گوتی: "پێویستە ئەو کەسانەی رەخنە دەگرن فێر بکرێن، تەنانەت ئەگەر هاوڕێی منیش بن. ئێمە ئێرانمان خستووەتە دۆخێکەوە کە هیچ سەرۆکێکی تر لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە بیکات. هێزی سەربازیی ئەوان بە تەواوی تێکشکاوە."

سەبارەت بەوەی کەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەچنە ناو ئێران، ترەمپ ئاماژەی دا، "لە کاتی گونجاودا دەچن، هیچ پەلەمان نییە." کاتێک پێی گوترا کە ئێرانییەکان دەڵێن هیچ کاتێک دیاری نەکراوە، گوتی: "ئەوان هەڵەن و خۆشیان دەزانن هەڵەن. لە ناو کۆبوونەوەکەدا پێمان رازی بوون بە 100%ی پشکنینەکان، ئەگەر راست نەکەن، هەر ئێستا کۆبوونەوەکان هەڵدەوەشێنمەوە."

ترەمپ باسی لەوە کرد کە ئەمریکا باشترین سەردەمی ئابووری خۆیدایە و "بەرزترین رێژەی هەلی کارمان هەیە لە مێژووی وڵاتدا. ئێستا کێشەی ئێمە ئەوە نییە کار نییە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە خەڵکمان دەست ناکەوێت بۆ ئەو هەموو هەلی کارە زۆرەی هەیە."

سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، ترەمپ بە کورتی گوتی: "ئەوان چەندین دەیەیە شەڕی یەکتر دەکەن، بەڵام دۆخەکە بەرەو باشی دەچێت و هەموو شتێک رێکدەخرێتەوە."