پاکستان کاتی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ژێر رۆشنایی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەستپێدەکاتەوە.

چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، تاهیر ئەندێرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، ئاماژەی بە شوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی دانوستانەکان نەکرد. هەروەها رێکەوتی تەواوی کۆبوونەوەکەشی یەکلا نەکردەوە.

ئەندێرابی پێشبینی کرد، رۆژی سێشەممەی داهاتوو دانوستان دەستپێبکاتەوە؛ بەڵام بە بێ ئەوەی ئەگەری بەڕێوەچوونی لە رۆژانی دووشەممە یان چوارشەممەش بە دوور بزانێت.

ئێران و ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، لە سویسرا، گفتوگۆیەکی درێژخایەنیان ئەنجامدا، کە سەرەتا لە لایەن شاندە سیاسییەکانەوە دەستیپێکرد و دواتر لە لایەن تیمە تەکنیکییەکانەوە تەواو کرا.

لەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە چوارشەممەی رابردوو، لە نێوانیان واژۆکرا هاتووە، کە دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا دەبن کە قابیلی درێژکردنەوەیە.