هێمن هەورامی: کاراکردنەوەی پەرلەمان دەستپێکی دەرچوونە لە چەقبەستوویی سیاسی

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، کە کاراکردنەوەی پەرلەمان یەکەمین و گرنگترین هەنگاوە بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان.

چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە لیو جون، کونسوڵی گشتیی کۆماری میللی چین کرد.

هێمن هەورامی، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕ و بەردەوامی پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە بەوەی کە مەرجی سەرەکی و زەمینەسازی بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسیی ئێستای کوردستان، کاراکردنەوەی پەرلەمان و بەرپرسیاربوونی هەموو لایەنەکانە بەرامبەر بەو ئەرکە یاسایی، سیاسی و نیشتمانییەی کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کەوتووەتە سەر شانی سەرجەم هێزە بەشداربووەکان.

سەبارەت بە هەوڵە سیاسییەکانیش، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە رایگەیاند، هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسسازە.

گوتیشی: کە پارتی خوازیارە سەرجەم لایەنەکان هاوکار بن لە هێنانەدی ئەم ئەرکە سیاسی و نیشتمانییە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و گواستنەوەی رێڕەوی گفتوگۆ و دانوستانەکان بۆ ناو دامەزراوەی پەرلەمان.

پەیوەست بە پێگەی پارتی لە ناوچەکەدا، هێمن هەورامی روونی کردەوە، کە پارتی وەک هێزی براوەی یەکەم لە دوایین هەڵبژاردندا، بە جیاوازیی زیاتر لە 400هەزار دەنگ پێش هەردوو هێزی دووەم و سێیەمی کوردستان کەوتووە، ئەمەش مافێکی دیموکراتی و سیاسی دەداتە پارتی کە ئەم ئەنجامانە وەک بنەمایەک لە گفتوگۆکانیدا بەکاربهێنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد ، لەو رێککەوتنە سیاسییەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوای نزیکەی شەش مانگ لە گفتوگۆ لە مانگی ئایاری 2025 واژۆ کرا، بنەمای شەراکەت و سازان کراوەتە بناغەی رێککەوتنی سیاسیی نێوان هەردوو لایەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وردەکاریی پێویست لەسەر دوایین پەرەسەندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر بابەتەکانی گومرگ، سیستمی ئەسیکۆدا  وەبەرهێنان و چەندین بابەتی دیکەی هاوبەش خرایە ڕوو.

سەبارەت بە یادی 105 ساڵەی دامەزراندنی پارتی کۆمۆنیستی چین و ئەو بەرنامە و پڕۆژانەی بۆ یادکردنەوەی حزبەکەیان ئەنجامی دەدەن، کونسوڵی گشتیی چین وردەکاریی پێویستی پێشکەش کرد.

هاوکات ئاماژەی بە قوڵایی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کۆمۆنیستی چین کرد و هیوای بەردەوامی و قوڵبوونەوەی زیاتری بۆ ئەم پەیوەندییە مێژووییانە خواست.