چارەنووسى خاوەن پشکەکانى چاڤیلاند بە نادیارى ماوەتەوە

بەهۆی رێککەوتنە سیاسییەکان و سستیی ڕێکارە یاساییەکان لە دادگاکانی سلێمانی، دۆسیەی خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی چاڤیلاند بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. نزیکەی هەشت هەزار خێزان کە سەرمایەی چەندین ساڵەی تەمەنیان لەو پڕۆژەیەدا وەبەرهێناوە، ئێستا نەک هەر قازانج، بەڵکو دەستیان بە سەرمایە ئەسڵییەکەشیان ناگاتەوە.

ئەیوب عارف، یەکێکە لەو خاوەن پشک و ئاسنگەرانەی کە بەرهەمی چەندین ساڵ تێکۆشانی خۆی، کە بڕی 15 ملیۆن دینار بووە، لە پڕۆژەی چاڤیلانددا وەبەرهێناوە. بەپێی گرێبەستەکە، دەبوو ئێستا ئەیوب بڕی 61 ملیۆن و 500 هەزار دینار وەربگرێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: "جگە لە چاوەڕوانی هیچمان دەست نەکەوتووە."

ئەیوب عارف بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، کە نەک تەنیا خاوەن پشکەکان، بەڵکو کرێکار و خاوەن تەندەرەکانیش مافەکانیان لێ زەوت کراوە. دەشڵێت "برادەرم هەیە کاری ئاسنگەری بۆ شاسوار عەبدولواحید کردووە و بڕی 20هەزار دۆلاری (دوو دەفتەر) خواردووە، کەسیش بە هانایانەوە نایەت و بەردەوام کەیسەکانمان لە دادگای سلێمانی دادەخرێن."

یاساناسان پێیان وایە رێککەوتنە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر دۆسیەکە هەبووە. ئازاد دۆسکی، پارێزەری راوێژکار، لەو بارەیەوە دەڵێت "پێش رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، خەڵک دەچوونە دادگا و سکاڵایان تۆمار دەکرد، بەڵام رێکارەکان حەواڵە نەدەکران و ئەگەر بڕیارەکەش لە بەرژەوەندی خاوەن سکاڵاکار بووایە، لە کاتی جێبەجێکردندا گرفتیان بۆ دروست دەکرد."

ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوەش دەکات، کە خاوەنی پڕۆژەکە توانیویەتی لەسەر حیسابی خەڵکی هەژار خۆی دەوڵەمەند بکات و ئێستا کە رێککەوتنی سیاسی هەیە، رەنگە مافی خاوەن پشکەکان زیاتر فەرامۆش بکرێت. دۆسکی پێشنیاز دەکات خاوەن پشکەکان بچنە بەردەم دەرگای ئەو حزبەی کە ڕێککەوتنی لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکە کردووە.

بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 15 ساڵە بڕی 30 ملیار دیناری هاووڵاتییان لەم پڕۆژەیەدا گیری خواردووە، ئەو هاووڵاتییانەی کە بە خەیاڵی قازانج سەرمایەکانیان خستە ئەو پڕۆژەیەوە، دەڵێن ئێستا پارەکانیان بۆ ئامانجی سیاسی بەکاردەهێنرێت.

ساڵی ڕابردوو، بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانەوە، 60 موڵکی کۆمپانیای چاڤی بە بڕی 91 ملیار دینار بە زیادکردنی ئاشکرا فرۆشران، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هێشتا دیار نییە کەی و چۆن مافی ئەو هەشت هەزار خێزانە دەگەڕێندرێتەوە کە ساڵانێکە لە نێوان دادگا و بەڵێنە بێکردارەکاندا دێن و دەچن.