ترەمپ: بۆ لووتکەی ناتۆ دەچمە ئەنقەرە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد، تورکیا خەریک بووە لە جەنگی دژی ئیسرائیل بچێتە بەرەی ئێرانەوە، بەڵام ئەو رێگری لێ کردووە، هاوکات جەختی لە بەشداریکردنی لە لووتکەی داهاتووی ناتۆ لە ئەنقەرە کردەوە وەک ڕێزێک بۆ سەرۆککۆماری تورکیا.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەری بەشداریکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە جەنگدا لە ئارادا بووە و گوتی: "رەنگە تورکیا بچووبایە پاڵ ئێران، چونکە ئەردۆغان لایەنگری ئیسرائیل نییە"، ترەمپ روونی کردەوە، خودی خۆی دەستوەردانی کردووە و داوای لە ئەردۆغان کردووە لەو رووبەڕووبوونەوەیە دوور بکەوێتەوە، سەرۆکی تورکیاش داواکەی قبوڵ کردووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری پێدانی فڕۆکەی جەنگی "ئێف-35" و بزوێنەری فڕۆکەی پێشکەوتوو بە تورکیا، ترەمپ رایگەیاند "بە ئەگەرێکی زۆرەوە کارێک دەکەم کە تورکیا رازی بکات". ترەمپ ستایشی ئەردۆغانی کرد و بە "هاوڕێیەکی ئازیز" و "سەرکردەیەکی بەهێز" وەسفی کرد کە سوپایەکی گەورەی هەیە و کارێکی نایاب بۆ وڵاتەکەی دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، بەشداری لە لووتکەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەکات کە بڕیارە لە 7 و 8ـی تەممووزی 2026 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەبچێت. ترەمپ گوتیشی "بڕیاری بەشداریکردنم تەنها وەک ڕێزێکە بۆ سەرۆک ئەردۆغان، ئەگەر لووتکەکە لە تورکیا نەبوایە و ئەو بانگهێشتی نەکردمایە، نەدەچووم".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە میانی پێشوازیکردنی لە مارک رووتە، سکرتێری گشتیی نوێی ناتۆ لە کۆشکی سپی هات. لەو دیدارەدا رووتە ستایشی رۆڵی ئەمریکای کرد لە لاوازکردنی تواناکانی ئێران لە ناوچەکەدا و جەختی لە پشتیوانی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا نزیکەی 5 هەزار فڕۆکەی ئەمریکی لە بنکە ئەوروپییەکانەوە فڕیون.