سەرۆکی ژووری بازرگانیی زاخۆ: بە جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا جوڵەی بازرگانی دەبوژێتەوە

بەهۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئاسایی دەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرز ببێتەوە.

دوای دابەزینی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە رێژەی 70% بۆ ماوەی نزیکەی حەوت مانگ بەهۆی بڕیارەکانی پێشووی حکوومەتی عێراقەوە، ئێستا بەپێی رێککەوتنێکی نوێی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، کێشەکان چارەسەر کراون و پێشبینی دەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرز ببێتەوە.

رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەستە بە جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگی ئەسیکۆدا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل. پێشتر بەهۆی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق و جێبەجێنەکردنی تەواوەتی ئەم سیستەمە، بازرگانان تووشی کێشەی زۆر دەبوون، لەوانە راگرتنی کاڵاکانیان، دواکەوتن، هەروەها هەندێک جاریش دووبارە وەرگرتنی باج لە خاڵە پشکنینەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

لەتیف عوسمان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی زاخۆ بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، پێشبینی دەکەن بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رێژەی بازرگانی زۆر زیاد بکات و بگەڕێتەوە دۆخێکی زۆر باش، دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی ئەو بڕیارانەوە بە رێژەی 70% کەم ببووەوە.

لە لایەکی دیکەوە بازرگانانی سنوورەکە پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەن و بە چارەسەرێکی بنەڕەتی دەزانن بۆ کێشەکانیان. محەممەد ئەمین، بازرگانێکی ناوچەکەیە، ئاماژە بەوە دەکات، پێشتر کاڵاکانیان کێشەی زۆریان بۆ دروست دەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە مامەڵەی بازرگانی ئاسایی دەبێتەوە و دەبێتە ناوەندی، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموواندایە.

هەروەها شڤان عەبدی، بازرگانێکی دیکە باس لە سوودێکی دیکەی رێککەوتنەکە دەکات و دەڵێت، ئەمە کارئاسانییەکی زۆر بۆ ناردنی پارە دەکات لە رێگەی بانکەکانی حکوومەت و بانکی ناوەندیی عێراقەوە، بەو پێیەی بازرگانان دەتوانن بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی پارەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات بنێرن بۆ هێنانی کاڵا، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باشە.

بەپێی زانیارییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە 1000 کۆمپانیا هەن، نزیکەی 500 لەو کۆمپانیایانە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی تۆمار کراون. لە ماوەی رابردوودا زۆربەی ئەم کۆمپانیایانە بەهۆی بڕیارەکانی پێشووی عێراقەوە زیانمەند ببوون.

جێبەجێکردنی رێککەوتنی نوێ و کارکردن بە سیستەمی ئەسیکۆدا نەک تەنیا جووڵەی بازرگانی دەبووژێنێتەوە و متمانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بازرگانان، بەڵکوو دەبێتە هۆی گەڕانەوەی هەزاران کرێکار بۆ سەر کارەکانیان، ئەو کرێکارانەی پێشتر بەهۆی سستبوونی بازرگانییەوە بێکار ببوون.