پاکستان هەواڵی هەوڵی تیرۆرکردنی فەرماندەی سوپاکەی رەت دەکاتەوە

دەسەڵاتدارانی پاکستان ئەو قانەی پیپی ئێسکۆباری رۆژنامەنووسی بەرازیلییان رەت کردەوە کە گوتبووی "مۆساد" پلانی داڕشتووە بۆ تیرۆرکردنی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان و ئەندامانی شاندەکەی لە کاتی سەردانیان بۆ سویسرا.

پێنجشەممە 25ـی حوزەیرانی 2026، پیپی ئێسکۆباری رۆژنامەنووسی بەرازیلی لە میانەی "پۆدکاستێکدا" باسی لەوەکردبوو، سوپای پاکستان زانیاری هەواڵگری زۆر جێی متمانەی پێگەیشتووە سەبارەت بە پلانێکی ئیسرائیل بۆ بەئامانجکردنی فەرماندە مونیر و بەرپرسانی دیکەی پاکستان، ئەوەش لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئەمریکا و ئێران کە لە هاوینەهەواری بۆرگێنشتاکی سویسرا بە بەشداری شاندەکانی پاکستان و قەتەر بەڕێوەچوو.

ئێسکۆبار باسی لەوەش کردبوو، پاکستان لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە پێدەچێت لە رێگەی سوڵتاننشینی عومانەوە بێت هۆشدارییەکی توندی بۆ ئیسرائیل ناردووە و تیایدا هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر دەست بۆ شاندەکەیان ببرێت، ئەوا ئیسرائیل لەسەر نەخشە دەسڕنەوە.

بەڵام بەرپرسانی پاکستان بە خێرایی ئەو بانگەشانەیان بە تەواوی رەت کردەوە، کامران خان، سەرۆکی کەناڵی "ARY News"ی پاکستانی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی وڵاتەکەیەوە گواستییەوە، ئەو راپۆرتەی بە زۆر بێمانا و پڕوپووچی وەسف کردووە و جەختی کردووەتەوە، تەواوی سەردانەکەی سویسرا بە بێ هیچ گرفتێکی ئەمنی بەڕێوەچووە.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئاماژەی بەوەش کرد، رێوشوێنە ئەمنییەکانی پاکستان بە درێژایی مانەوەی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و عاسم مونیری فەرماندەی سوپا لە شاری لۆسێرنی سویسرا لەوپەڕی ئامادەباشیدا بوون و هیچ هۆشدارییەکی ئەمنی یان تەنانەت کەمترین نیگەرانیش لەلایەن تیمە ئەمنییەکانی سویسرا یان ئەمریکاوە لە ماوەی سەردانەکەدا تۆمار نەکراوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، بانگەشەکانی تیرۆرکردن تەنها خەیاڵێکی بێ بنەمان و هیچ پەیوەندییەکیان بە راستییەوە نییە، هەروەها تا ئێستاش نە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و نە مۆساد هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە.