نەوتی عێراق: هیچ گرفتێک لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستاندا نییە
وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە هیچ گرفتێک لە بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نەماوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێک نییە.
روکابی گوتیشی، "ئێمە تەنیا چاوەڕێی گەڕانەوەی هەموو کۆمپانیاکانی نەوت دەکەین بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکان و جارێکی دیکە دەست بە کارەکانیان بکەنەوە".
لەلایەکی دیکەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بە قۆناخ دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە و خشتەی کاتیی گەڕانەوەی تەواوی کۆمپانیاکانیشی بۆ سەر کارەکانیان خستەروو. ئەم هەنگاوەش دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو کێڵگانە دێت، کە پێشتر بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتبوو.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن) لە ئێستادا بە بڕی 7000 بەرمیلی رۆژانە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە و بڕیارە یەکشەممەی داهاتووش، 28ـی حوزەیران، کارەکانی لە کێڵگەی ئەترووش دەست پێ بکاتەوە.
سەبارەت بە کۆمپانیاکانی دیکە، پێشەوا هەورامانی روونی کردەوە، کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن) لە کێڵگەی شێخان دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، بڕیاریشە سبەینێ کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) لە کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخابوور دەست بە کارەکانی بکاتەوە، هەروەها کۆمپانیای (هەنت ئۆیڵ) لە 8ـی تەممووز دەگەڕێتەوە سەر کارەکانی.
لەکۆتاییدا گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەندێک لەم کۆمپانیایانەی گەڕاندەوە بۆ ئەو زیانە زۆرانەی لە هێرشەکانی رابردوودا بەر کێڵگەکان کەوتبوون، کە پێویستییان بە کات و ئامادەکاری هەبووە بۆ نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەیان بۆ دۆخی ئاسایی.