ئیدارەی ترەمپ بۆچی داوای 672 ملیۆن دۆلار دەکات ؟
کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەکانییەوە رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، داوای 672 ملیۆن دۆلاری کردووە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانەی پەیوەستن بە دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران.
پێنجشەممە 25ـی حوزەیرانی 2026، چەند سەرچاوەیەک لە نێو ئیدارەی دۆناڵد ترەمۆ سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیوزیان راگەیاندووە، ئەم بڕە پارەیە بەشێکە لە داواکارییەکی گشتی بە قەبارەی 80 ملیار دۆلار، کە پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا بە ئەندامانی پارتی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاندووە بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئێران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیار وایە ئەم 672 ملیۆن دۆلارە بدرێتە وەزارەتی وزەی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارانەی کە ئامانجیان رێگریکردنە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات یان بەدەستی بهێنێت، هەروەها بۆ لەناوبردنی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەوانەش یۆرانیۆمی پیتێنراو و ئەنجامدانی پشکنین لە ناو خاکی کۆماری ئیسلامیدا و پشتگیریکردنی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رایگەیاندبوو، پشکنەرە ئەمریکییەکان پەیوەندی بە شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە دەکەن و دەچنە ئێران بۆ گەڕان بەدوای ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە وا بڕوا دەکرێت لەژێر زەویدا بێت لەو شوێنە ئەتۆمییانەی کە لە کاتی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکادا بۆردومان کراون.