سیناتۆرێکی کۆمارییەکان: نازانین ترەمپ چی لە ئێران دەوێت؟

بەهۆی جەنگ و رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ململانێیەکی توند لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و سیناتۆرەکانی پارتی کۆماری دروست بووە، هاوکات ئەنجوومەنی پیران لە بڕیاری سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا پاشگەز بووەوە.

لە نوێترین پێشهاتدا، سیناتۆر بێل کاسیدی، سیناتۆری کۆمارییەکان رەخنەی توندی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت و گوتی: پارەیەکی زۆری خەرج کردووە و ئامانجەکانیشی لە جەنگی دژی ئێراندا دیار نین.

کاسیدی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێویستە زانیاریی زیاتر بە گەلی ئەمریکا بدرێت لەبارەی ئەو رێککەوتنەی سەرۆکی وڵاتەکە خەریکە لەگەڵ ئێران دەیکات، چونکە بەتەمایە پارەیەکی زۆر بۆ تاران بگەڕێنێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێک بەدی هاتبێت.

هاوکات دوای تەنیا 24 کاتژمێر لە دەنگدان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە جەنگی دژی ئێران، ئەنجوومەنی پیران پاشگەز بووەوە و لە دەنگدانێکی نوێدا پشتیوانانی ترەمپ زۆرینەیان هێنا.

رۆژی یەکشەممە، 21ی حوزەیران، کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمریکا، ئێران، پاکستان و قەتەر لە لە ناوچەی بێرگنستۆکی سویسرا بەڕێوەچوو.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان، قەتەر و پاکستان کە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەسەر کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان بڵاوکردەوە.

 

بە گوێرەی راگەیەنراوە هاوبەشەکە، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:

1. نەخشەڕێیەک پەسەند کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

2. هێڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر ڕووداو و هەڵەتێگەیشتنێک بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.

3. لیژنەیەکی باڵا دروست دەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنەکان. لەژێر دەستی ئەم لیژنەیەدا، چەند گرووپێکی کارکردن دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی، سزاکان و چاودێریکردن و چارەسەری کێشەکان.

4. بە بەشداریی حکوومەتی لوبنان و ئاسانکاریی نێوەندگیرەکان، شانەیەکی هێورکردنەوە دروست دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان بەتەواوی کۆتاییان دێت.

5. بۆ تەواوی ئەم هەفتەیە، دانوستاندنە تەکنیکییەکان لە هاوینەهەواری بۆرگێنشتاک لە سویسرا لەسەر هەموو پرسەکان بەردەوام دەبن.