روبیۆ: رێگە نادەین ئێران باجی تێپەڕبوون بەسەر گەرووی هورمزدا بسەپێنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمدواییە لەگەڵ ئێران، تەنیا هێڵە گشتییەکانی دانوستان دیاریی دەکات. دەشڵێت؛ پێشبینی دەکەین کە پرسی داواکاریی ئێرانییەکان بۆ بەدەستهێنانی بودجەی ئاوەدانکردنەوە و قەرەبوو ببێتە تەوەری گفتوگۆکانی داهاتوو.

پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەراوێزی کۆنفرانسی وەزاریی وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا لە مەنامە گوتی: "ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێک کە تێیدا ئێرانییەکان شتێک دەڵێن بەڵام لە راستیدا شتێکی دیکە روودەدات، بۆیە گرنگترین شت لای ئێمە جموجۆڵی کەشتییەکانە لە گەرووی هورمزدا؛ ئەگەر کەشتیوانی بە ئاسایی بەردەوام بێت ئەوا رێککەوتنەکە جێبەجێ کراوە؛ بەڵام ئەگەر هەڕەشە لەسەر کەشتییەکان دروست بێت، ئەوا پێشێلکاریی رێککەوتنەکەیە و هەڵوێستێکی توندمان دەبێت".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە توندی دژی پێشنیازی ئێران وەستایەوە بۆ سەپاندنی باج یان سەرانەی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز و گوتی: "ئەمە رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و مووڵکی هیچ لایەنێک نییە. ئەگەر قبووڵی بکەین وڵاتێک بەهۆی نزیکیی سنوورەکەیەوە باج لەسەر رێڕەوێکی نێودەوڵەتی دابنێت، ئەم کارە وەک پەتا بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە."

سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، روبیۆ روونی کردەوە، ئەم بەڵگەنامەیە هێڵە گشتییەکانی دانوستان دیاریی دەکات نەک وردەکارییەکان.

هاوکات پێشبینی دەکات لە قۆناغی داهاتوودا پرسی ئاوەدانکردنەوە و ئەو قەرەبووە داراییەی کە ئێران داوای دەکات بەهۆی زیانەکانیەوە، بخرێتە ناو کارنامەی دانوستانەکانەوە.

واشنتن و تاران لە 17ـی حوزەیرانی 2026ـدا یادداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، لەوانەش لوبنان، بە شێوازی ئۆنلاین واژۆ کردبوو.

دواتریش لە 21ـی ئەم مانگەدا لە شارۆچکەی بێرگنشتۆکی سویسرا، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە ژێر چاودێریی قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا بناغەیەک بۆ دانوستاندنی تەکنیکیی داهاتوو لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتەکە دانرا.