بەهۆی پرسی ئێران و ئیسرائیل دووبەرەکی دەکەوێتە ئیدارەی ئەمریکا

لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، دەربارەی رێککەوتنی واشنتن و تاران و هەڵوێستیان بەرامبەر ئیسرائیل، نیشاندەری جیاوازییەکی روونن لە نێو ئیدارەی کۆشکی سپیدا کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بە ئاشکرا دەرکەوتووە.

هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات بەرەیەکی یەکگرتوو بەرامبەر شەڕ لەگەڵ ئێران پیشان بدات، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، تێڕوانینی ڤانس و روبیۆ لە چەندین خاڵدا، بەتایبەت سەبارەت بە ئیسرائیل، لێک دوورن.

جەی دی ڤانس، هەفتەی رابردوو لە ناو کۆشکی سپیدا هێرشی کردە سەر ئەو ئیسرائیلییانەی رەخنە لە رێککەوتنی سەرەتایی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگرن، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی لە بەیرووت، هەوڵەکانی ئاشتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پەکدەخات.

لە بەرامبەردا، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە، کە ئەم هەفتەیە گەشتێکی بۆ وڵاتانی کەنداو دەستپێکرد، بەرگری لە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان کرد و ئۆپەراسیۆنەکانی بە وەڵامێکی رەوا بۆ هێرشەکانی حزبوڵڵا وەسف کرد. کاتێکیش پرسیاری لێکرا دەربارەی رەخنەکانی ڤانس، روبیۆ خۆی لە وەڵامی راستەوخۆ لادا.

ئەم ناکۆکییانە ئاماژەن بۆ ململانێی دوو رەوتی جیاواز لە ناو حزبی کۆماریدا، رەوتی "نوێخوازە پارێزگارەکان" کە روبیۆ نوێنەرایەتی دەکات و لایەنگری دەستوەردانی دەرەکین، رەوتە نوێیەکەی تڕەمپ کە ڤانس نوێنەرایەتی دەکات و شەڕە دەرەکییەکان بە بەفیڕۆدانی سامان و مرۆڤ دەبینێت، ئەم دوو کەسایەتییە وەک رکابەری سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2028 سەیر دەکرێن.

لە کاتێکدا ڤانس لە سویسراوە بە گەشبینییەوە باسی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەکرد و پێشنیازی دەکرد وڵاتانی کەنداو تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ئێران بگرنە ئەستۆ، روبیۆ لە وڵاتانی کەنداو خەریکی دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکان بوو، روبیۆ رایگەیاند، داوا لە هاوپەیمانان ناکات پارەی ئاوەدانکردنەوەی ئێران بدەن و جەختی کردەوە "ئێمە رێککەوتنمان دەوێت، بەڵام نەک بە هەر نرخێک."

کۆشکی سپی بە توندی بوونی هەر جۆرە ناکۆکییەک لە نێوان ڤانس و روبیۆ رەت دەکاتەوە، ئانا کێڵی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "تەنیا یەک سەنگەر هەیە، ئەویش سەنگەری سەرۆک ترەمپە." هەروەها وەزارەتی دەرەوەش ئەم دەنگۆیانەی بە چەواشەکاری ناوبرد و دووپاتی کردەوە کە تەواوی ئیدارەکە %100 لە پشت بڕیارەکانی سەرۆک ترەمپەوەن.