ترەمپ: سێ درۆنی ئێرانمان لە گەرووی هورمز خستە خوارەوە
"ئێران بە چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکانی گەرووی هورمز"
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم بە چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکانی گەرووی هورمز و یەکێکیان زیانی بە کەشتییەکی بارهەڵگر گەیاندووە؛ هاوکات ئەم کارەی تارانی بە پێشێلکارییەکیی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان هەردوولا وەسف کرد.
هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد هێزەکانی ئێران لانیکەم بە چوار درۆنی بۆمبڕیژکراو، ئەو کەشتییانەیان کردووەتە ئامانج کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین.
ترەمپ ئاماژەشی داوە، یەکێک لە درۆنەکان بە وردی بەر پشتی سەرەوەی کەشتییەکی بارهەڵگری گەورە و گرانبەها کەوتووە، کە سەرەڕای دروستکردنی زیان، کەشتییەکە توانیویەتی بەردەوام بێت لە رێگەکەی خۆی.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، هێزەکانیان توانیویانە سێ درۆنی دیکەی ئێرانی لە ئاسماندا بخەنە خوارەوە و رێگری لە پێکانی ئامانجەکانیان بکەن.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەیدا بە توندی رەخنەی لەم هەنگاوەی ئێران گرت و رایگەیاند: "ئەمە پێشێلکاریی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوانمانە."