ناتانیاهۆ: رێککەوتنەکەمان لەگەڵ لوبنان گورزێکی کوشندە لە ئێران دەدات

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گەیشتن بە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی لەگەڵ لوبنان بە دەستکەوتێکی مەزن بۆ وڵاتەکەی وەسف دەکات؛ جەخت دەکاتەوە هێزەکانیان لە ناوچە ستراتیژییەکانی باشووری لوبنان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا بە تەواوەتی چەک دەکرێت و هەڕەشەیان لەسەر نامێنێت.

هەینی 26ی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ گەلی وڵاتەکەی، وردەکاریی رێککەوتنی چوارچێوەیی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی ئاشکرا کرد کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە واشنتن گەیشتووەتە ئەنجام.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە لێدانێکی گەورەیە بۆ ئێران کە هەوڵیداوە کشانەوەیەکی زۆرەملێ بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت.

ناتانیاهۆ لە پەیامەکەیدا گوتی: "ئێمە، لوبنان و ئەمریکا پەیامێکی روونمان بۆ ئێران نارد کە ئەوان هیچ رۆڵێکیان لە لوبناندا نییە، نە بۆ خۆیان و نە بۆ حزبوڵڵا و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە." جەختیشی کردەوە، ئیسرائیل لە پشتێنەی ئەمنیی باشووری لوبنان دەمێنێتەوە و ئەم مەرجەش تا داماڵینی تەواوەتی چەکی حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانیشیان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر پێشنیازی سوپای وڵاتەکەی ، دوو ناوچەی تاقیکاری بۆ کشانەوە دەستنیشان کراون. ناوچەی یەکەم لە دەرەوەی پشتێنەی ئەمنییە و ناوچەی دووەمیش بەشێکی بچووکی لەناو ئەو ناوچەیەدایە کە سوپا پێی وایە لەم قۆناخەدا پێویستی پێ نییە.

ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە کە "ئاسایشی ئیسرائیل لە پێش هەموو شتێکە" و رێگە نادەن حزبوڵڵا یان دانیشتووانی ناوچەکە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکەن، تا ئەو کاتەی دڵنیایی تەواو لە سەقامگیریی ناوچەکە دەدرێت.

هەر ئەمڕۆ هەینی، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا، نوێنەرانی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنێکی چوارچێوەیی سێقۆڵییان واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکیی ئەم رێککەوتنە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی گشتگیری ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە سەرپەرشتیی رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکەی دەکرد، رایگەیاند: "ئێمە زۆر دڵخۆشین کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی لە نێوان حکوومەتی سەروەری لوبنان و حکوومەتی ئیسرائیلدا رادەگەیەنین، کە بە نێوەندگیری و پاڵپشتیی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم رێککەوتنە "دەستپێکی داڕشتنی چوارچێوەیەکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەدا."