عێراق دەستی بە هەناردەی نەوت بۆ ئەمریکا کردەوە

دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا بووە سفر، جارێکی دیکە عێراق دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کردەوە، کە ئێستا  71 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردە دەکات.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026 بڵاویکردووەتەوە، کەنەدا بە سێ ملیۆن و 551 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە و لە دوای ئەویش ڤێنێزوێلا دێت بە 578 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، دواتر مەکسیک بە 346 هەزار بەرمیل و کۆڵۆمبیا بە 218 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لەپلەکانیئ سێیەم و چوارەم دێن، هەروەها ئیکوادۆریش 174 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا هەناردەکردووە.

ئیدارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوردەکردنی نەتی خاو لە لیبیا 116 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، لە عێراقیشەوە 71 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هاوردەکراوە، بەڕازیلیش 71 هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەناردە کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەمریکا رۆژانە 3 هەزار بەرمیل لە نەیجیریا هاوردە دەکات، لەکاتێکدا هیچ بڕەکی لە سعوودیەوە هاوردە نەکردووە.