ئینفانتینۆ لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال زیاتر لە 66 کاتژمێر لەناو فڕۆکە بووە
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، لەم مۆندیالە زۆربەی کاتەکانی لە ئاسمان و لەناو فڕۆکە بەڕێکردووە، تاوەکو ئێستا لەوەتەی یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەستیپێکردووە، ئینفانتینۆ زیاتر لە 66 کاتژمێر لەناو فڕۆکە لە ئاسمان بووە، هەندێک رۆژ هەبووە سێ یاریی لەناو یاریگا بووە.
جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە 24 یاریی ئامادە بووە، لە کۆی ئەو 16 یاریگایەی یارییەکانی لێ بەڕێوە چووە، ئەم پیاوە کەچەڵە لە 15 یاریگا ئامادە بووە و لە پەخشی راستەوخۆی یارییەکان دەرکەوتووە.
ئینفانتینۆ بە فڕۆکەیەکی تایبەت کە فیفا دابینی کردووە، لەنێو شارەکانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک هەر خەریکی هاتووچۆ بووە، هەندێکجار لە گەشتەکانی چوار هەزار و 507 کیلۆمەتری خایاندووە و شەش بۆ حەفت کاتژمێر لەناو فڕۆکە بووە بۆ ئەوەی لە یاریگایەکەوە بچێتە یاریگایەکی دیکە تاوەکو لە یارییەکی مۆندیال ئامادە بێت، هەندێک رۆژ ئینفانتینۆ سێ گەشتی لە یەک رۆژدا کردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 70 کاتژمێری لەناو فڕۆکە بەسەر بردووە بۆ ئەوەی لە یارییەکانی مۆندیال ئامادە بێت.
بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت بۆ ئامادەبوونی لە یارییەکانی مۆندیال، رێکخراوەکانی ژینگە رەخنەی توند لە ئینفانتینۆ دەگرن و دەڵێن، ئەوەی لەم دوو هەفتەیە سەرۆکی فیفا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت بە پیسکردنی ژینگە کردوویەتی، یەکسانە بە پیسکردنی ژینگەی 78 مرۆڤ لە تەواوی ساڵێکدا، ژینگەپارێزان سەرۆکی فیفا بە پیسکردنی ژینگە لەپێناوی حەز و ئارەزووییەکی خۆی تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن پێویست فڕۆکە تایبەتەکەی ئینفانتینۆ رابگیرێت و چیدیکە هێندە ژینگە پیس نەکات.