دانا تەقیەدین: بەشێک لە دەستگیرکراوانی لالەزار مانیان گرتووە
پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار رایدەگەیەنێت، دادگای سلێمانی بەربەست بۆ پڕۆسەی یاسایی دۆسیەکە دروست دەکات و ئامادە نییە مەلەفەکان رەوانەی دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) بکات، ئاماژە بەوەش دەکات کە بەشێک لە دەستگیرکراوەکان مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، دانا حەمە تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـی رایگەیاند "ئێمە وەک تیمی پارێزەران سکاڵامان لەسەر دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی تۆمار کردووە، چونکە پابەندی رێکارە یاساییەکان نین. دادگای پێداچوونەوەی هەرێم داوای کردووە تەواوی مەلەف و پەڕاوەکانی دۆسیەکە رەوانە بکرێن، بەڵام دادگای سلێمانی بە بیانووی جیاجیا نایاننێرێت."
ئەو پارێزەرە ئاشکرای کرد، کە بەشێک لە دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار لە زیندانی ئاسایشی گشتیی سلێمانی، بەهۆی "فشاری دەروونی و بێتاقەتی و یەکلانەکردنەوەی دۆسیەکانیان" مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە. گوتیشی "ئێمە وەک تیمی پارێزەران پێمان باش بوو ئەم کارە بە بەرنامە بکرێت، بەڵام ئێستا بەشێکیان بەهۆی خراپیی دۆخیانەوە ئەو بڕیارەیان داوە."
سەبارەت بەو ماددە یاساییانەی تۆمەتبارانی پێ دەستگیر کراوە، دانا حەمە تەقیەدین گوتی"دۆسیەکە دوو بەشە؛ بەشێکیان بەپێی ماددەی 56 (تایبەت بە فێڵکردن و دارایی) و بەشێکی دیکەیان بەپێی ماددەی 406 (تایبەت بە کوشتنی ئەنقەست) تۆمەتبار کراون. تاوەکو ئێستا 27 کەس لە زیندانی ئاسایشی سلێمانیدا ماونەتەوە."
ئەو پارێزەرە رەخنەی توندی لە شێوازی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە گرت و رایگەیاند "ئەو هێزە گەورەیەی بە تانک، تۆپ، درۆن و هەمەرەوە چوونە سەر ماڵی لاهوور شێخ جەنگی و لالەزار، هێزێکی حزبی بوون نەک حکوومی. سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری ئەو هێرشە نەبوون، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە دۆسیەکە سیاسییە و بەرگێکی یاساییان بە بەردا بڕیوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، دانا حەمە تەقیەدین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان 12نووسراوی فەرمییان ئاراستەی دادگاکانی سلێمانی کردووە بۆ ناردنی مەلەفەکان بۆ دادگای تەمیز، بەڵام بێ ئەنجام بووە.
گوتیشی "پێم ناخۆشە کە دادگای سلێمانی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەستوەردانی حزبی و سیاسی هەیە و ناردنی دۆسیەکە بۆ هەولێر (دادگای تەمیز) بەربەستی بۆ دروست دەکرێت."