حکوومەتی عێراق پلەبەندی مووچە هەموار دەکاتەوە

حکوومەتی عێراق پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەران هەموار دەکاتەوە و مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران زیاد دەکات.

مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ و چەسپاندنی دادپەروەری، هەروەها باشترکردنی بژێوی ژیانی ئەو فەرمانبەرانەی داهاتیان سنووردارە، بڕیاردراوە پلەبەندیی مووچە هەموار بکرێتەوە و مووچەی بنەڕەتیی ئەو فەرمانبەرانەش کە مووچەیان کەمە، زیاد بکرێت.

گوتیشی: لە بەرانبەر زیادکردنی مووچەی بنەڕەتیی بەشێک لە فەرمانبەران، دەرماڵەی بەشێک لە فەرمانبەرانی دیکە کەم دەکرێتەوە، جەختیشی کردەوە، بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، گەرەنتیی دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەرانی تەواوی وەزارەتەکاندا دەچەسپێت و کاریگەریی باشی لەسەر مووچەی خانەنشینیش دەبێت.

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری راشیگەیاند، چاوەڕێ دەکەن لە قۆناخی داهاتوودا گەشەکردنی زیاتری ئابووری لە بوارەکانی گەشەپێدان و بەرهەمهێناندا بەدی بێت؛ بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە بەدیهێنانی دادپەروەرییەکی گەورەتر لە دابەشکردنی داهات و خاوەندارێتیدا، تا دەگاتە چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەی بژێوی خاوەن پیشە کەمداهاتەکان، ئەوەش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی دارایی دەوڵەت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، داوا لە سەرجەم وەزارەتەکان کراوە وردەکاریی پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکەن و تاوەکو ئێستاش %80ـی دۆسیەی هەموارکردنەوەی مووچە یەکلایی کراوەتەوە.