خەزال هۆستانی: عێراق و تورکیا لەسەر پڕۆتۆکۆڵێک بۆ هەناردەکردنی نەوت رێککەوتن

بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: عێراق و تورکیا لەسەر پڕۆتۆکۆڵێکی کاتیی یەک ساڵە رێککەوتوون بۆ بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان.

هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، د. خەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 باسی لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان – تورکیا و بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکارییەکان لە کەرتی وزەدا کرد.

د. خەزال هۆستانی رایگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێک بووین لە شاندی باڵای عێراق کە سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیامان کرد بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی تورکی، لەم سەردانەدا کە ماوەی دوو رۆژی خایاند، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕمان لەسەر ئاستی دارایی، یاسایی و تەکنیکی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی وزەی تورکیا ئەنجامدا."

بە پێی زانیارییەکانی هۆستانی، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا لایەنەکان رێککەوتن لەسەر واژۆکردنی پڕۆتۆکۆڵێکی کاتی بە مەبەستی بەردەوامبوونی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نێوان هەرێم و تورکیاوە بەرەو بەندەری جەیهان.

د. خەزال هۆستانی زیاتر روونکردنەوەی دا و ئاماژەی بەوە کرد، مەبەست لەم رێککەوتنە کاتییە کە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت، بۆ ئەوەیە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان بەردەوام بێت؛ چونکە لە 26ـی ئەم مانگەدا رێککەوتنی درێژخایەنی کۆنی نێوان عێراق و تورکیا کۆتایی دێت. ئەم مۆڵەتە یەک ساڵییەش دەرفەت بە شاندەکانی حکوومەتی فیدراڵ، هەرێمی کوردستان و لایەنی تورکی دەدات تاوەکوو کات و بواری پێویستیان بۆ گفتوگۆ و دانوستان هەبێت بۆ داڕشتنی رێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن.

هاوکات باسی لەوەش کرد، ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهان هەناردە دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بارەی دانوستانەکانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، شاندێکی باڵای عێراق، کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوت لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە سەرپەرشتیی د. خەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان و د. بەرۆژ عزو، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکنیکیی وەزارەتەکە، سەردانی ئەنقەرەیان کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا و بەهێزکردنی کەرتی وزە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، لە میانەی سەردانەکەدا چەندین دانوستان و کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەنجام دران کە تێیدا میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنە لە کەرتی وزە و رێگاکانی دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەی نەوت دوای تەواوبوونی گرێبەستە کۆنەکە، بە وردی تاوتوێ کران بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات دابین بکات.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، هەردوو لایەن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان ٤ێککەوتوون و هاوڕابوون لەسەر داڕشتنی پڕۆتۆکۆڵێکی جێبەجێکاری بۆ بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ماوەی یەک ساڵ. بەپێی ئەم لێکگەیشتنە، لە ماوەی ئەو ساڵەدا گرێبەستێکی نوێ و درێژخایەن لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئامادە و واژۆ دەکرێت، کە ئەم پڕۆتۆکۆڵەش وەک هەنگاوێکی گرنگ و رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گواستنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەردوو لایەن بەرەو چوارچێوەیەکی گرێبەستی نوێ.