ئەوقاف چارەنووسی گوتاربێژیی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد یەکلایی دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، سەرقاڵی راوێژ و هەڵسەنگاندنن بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە یان دوورخستنەوەی دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد لە گوتاربێژی، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.

مامۆستا مەلا عەباس خدر، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆتایی هەفتەی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دوورخستنەوەی دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەدی لە پیشەکەی دا، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیارەکە لە پشووی کۆتایی هەفتەدا بووە، هێشتا کاتی پێویستیان نەبووە بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیارەکە.

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە دکتۆر عەبدوللەتیف لەسەر میلاکی ئەوان نییە و وەک خۆبەخش گوتار دەدات، بەڵام گفتوگۆ و راوێژیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی بەردەوامبوونی یان دوورخستنەوەی لە گوتاربێژی بدەن.

لەبارەی بڕیاری دوورخستنەوەی لە گوتاردان، مەلا عەباس خدر روونیکردەوە کە دوو بۆچوون هەن؛ بۆچوونێکیان پێیوایە بڕیارەکە دوابخرێت بۆ دوای یەکلابوونەوەی ئەو تانەیەی پارێزەرەکانی دکتۆر عەبدوللەتیف لە بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای دەدەن. بۆچوونەکەی دیکەش پێیوایە دەکرێت بە شێوەیەکی کاتی لە گوتارخوێندن دووربخرێتەوە تاوەکو دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات.

هاوکات وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش بە کوردستان24ـیان راگەیاند، هەر بڕیارێک لەبارەی چارەنووسی ناوبراو بدرێت لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانییە، چونکە ئەو وەک خۆبەخش کار دەکات و میلاکی وەزارەت نییە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، پارێزەرانی دکتۆر عەبدوللەتیف لە روونکردنەوەیەکدا رایانگەیاند، تانە لە بڕیارەکەی وەزیری خوێندنی باڵا دەدەن، چونکە پێیان وایە لیژنەی لێکۆڵینەوە "پێشێلکاری یاسایی زۆری کردووە" و ئەوان بە هیچ شێوەیەک دان بەو تۆمەتانەدا نانێن کە ئاراستەیان کراوە.