قالیباف: تۆڵەی کۆتایی بە رزگارکردنی قودس مانا وەردەگرێت
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی مێژوویی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رایگەیاند، بکوژانی رێبەری باڵا و ئەوانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر خاکی ئێران بە سزای کارەکانیان دەگەن و هیوای خواست بەرپرسان بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی ڕێبەری نوێ بەردەوام بن لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
دووشەممە 6ـی تەممووزی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکەی و خێزانەکەی لە تاران، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "ئەو هێزانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر خاکی ئێران و بکوژانی شەهیدانی ئەم نیشتمانە بەتایبەت بکوژانی رێبەری باڵا، بە سزای مێژوویی کردارەکانیان دەگەن و هەنگاوی کۆتایی تۆڵەسەندنەوەش بە رزگارکردنی قودس مانا وەردەگرێت".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ستایشی خۆڕاگریی گەلی ئێرانی کرد کە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا پاڵپشتی سەرەکیی شۆڕش بوون و گوتی: ماوەی چوار مانگی رابردوودا گەل هەموو شەوێک بە دروشم دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بێزاریی خۆیان لە بکوژانی رێبەرەکەیان دەربڕیوە. ئاماژەی بەوەش دا، گەلی نیشتمانپەروەر دوای بەڕێکردنی رێبەرەکەیان، وەک چوار مانگی رابردوو پەیمانی وەفاداری و بەیعەتی خۆیان بۆ موجتەبا خامنەیی رێبەری نوێی ، دووپات کردەوە.
قالیباف جەختی کردەوە، جیهان ئەمڕۆ تێگەیشت کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشەیی و نەمرە و بە پاڵپشتیی ئەم جەماوەرە، هیچ کات بنبەست و شکست لە بەردەم ئێراندا بوونی نابێت. باسی لەوەش کرد، ئەم نەتەوەیە لە قوتابخانەی ئیمام حسێن پەروەردە بوون کە لە ماوەی 37 ساڵی رابردووی سەرکردایەتیی رێبەردا، نەک تەنیا رۆحییەی جیهادیان پاراستووە، بەڵکو بە شێوازێکی سیستماتیک لە دژی زۆرداری وەستاونەتەوە.