رێبین زەنگەنە: رۆژانە نزیکەی 13 هەزار ئۆتۆمبێلی گەشتیاران دێتە هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، نرخی بەنزین بەرەو دابەزینی زیاتر دەچێت و پلانی دابەشکردنی نەوتی سپیش ئامادەیە.

رێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژ کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند"کارکردن لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت دەستیپێکردووەتەوە و پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە راگرتنی نەوتی هەرێم زیانی گەورەی بە ئابووری عێراق گەیاندووە و ئێستا هەرێمی کوردستان وەک "فریادڕەسێکی باش" بۆ کەرتی وزەی عێراق دەردەکەوێت.

سەبارەت بە نرخی سووتەمەنی، رێبین زەنگەنە گوتی "گرانبوونی نرخی بەنزین تەنیا هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کێشەیەکی گشتگیرە، بەڵام بەهۆی رێکارەکانی وەزارەتەوە، نرخی بەنزینی نۆرماڵ بۆ خوار هەزار دینار دابەزیوە و پێشبینی دەکەین زیاتریش دابەزێت."

هەروەها روونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، حکوومەت ئاسانکاری تەواوی بۆ کۆمپانیاکان کردووە تا بەنزین هاوردە بکەن و هاوردەکردنی بەنزینی کواڵێتی بەرز پێویستی بە مۆڵەت نییە، بەڵام هەر بەنزینخانەیەک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، سزا دەدرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت ئاشکرای کرد کە ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 900 هەزار ئۆتۆمبێل، کە تەنیا لە ساڵی 2023وە تاوەکو ئێستا 600 هەزار ئۆتۆمبێل زیادی کردووە، هەروەها رۆژانە نزیکەی 13 هەزار ئۆتۆمبێلی گەشتیاران دێنە هەولێر، کە رۆژانە 750 هەزار لیتر بەنزین تەنیا بۆ گەشتیاران تەرخان دەکرێت.

رێبین زەنگەنە ئاماژەی بەوە دا، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت و گوتی "لە هیچ کابینەیەکدا هێندەی کابینەی نۆیەم نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دابین نەکراوە." رەخنەشی لە بەغدا گرت کە وەک پێویست پابەند نییە بە ناردنی پشکی نەوتی سپی هەرێم، سەبارەت بە گازی ماڵانیش، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە بڕی پێویست بەردەستە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە.