ئاراس کۆیی بە مۆسیقا مێژوو و جوانیی کۆیە دەگێڕێتەوە

ئاراس کۆیی، هونەرمەندی موزیکژەنی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "شاری کۆیە"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەو بەرهەمە نوێیەم یادنامەیەکی پڕ لە سۆز و ناسنامەیە بۆ شارێک کە ژیانم لێوە دەستپێکردووە، بۆیە ئەم گۆرانییە لە دڵمەوە هاتووە، چونکە کۆیە بۆ من تەنیا ناوی شارێک نییە، بەڵکو شوێنی لەدایکبوون، منداڵی، خوێندن و دروستبوونی یەکەم بیرەوەرییەکانی ژیانمە."

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی تەمموزی 2026، ئاراس کۆیی، هونەرمەندی موزیکژەنی کورد بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەرهەمە نوێیەم، تێکست و ئاواز و موزیکەکەی خۆم دامناوە و لە ژەنینی ئۆرگ و عود سوودم وەرگرتووە، هەروەها لە ژەنینی 12 ئامێری مۆسیقی شارەزاییم هەیە. ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لەلایەن ئەژی و دەوەن مەولوود بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد دروست کراوە، کە هەوڵدراوە بە وێنە و دیمەنەکان، جوانییە مێژوویی و سروشتییەکانی شاری کۆیە پیشان بدرێت."

ئاراس کۆیی گوتیشی، "ئەو بەرهەمە نوێیەم یادنامەیەکی پڕ لە سۆز و ناسنامەیە بۆ شارێک کە ژیانم لێوە دەستپێکردووە، بۆیە ئەم گۆرانییە لە دڵمەوە هاتووە، چونکە کۆیە بۆ من تەنیا ناوی شارێک نییە، بەڵکو شوێنی لەدایکبوون، منداڵی، خوێندن و دروستبوونی یەکەم بیرەوەرییەکانی ژیانمە و هەمیشە هەستم کردووە قەرزاری ئەو شارەم، بۆیە ویستوومە لە رێگەی هونەرەوە سوپاس و خۆشەویستیی خۆم بۆ کۆیە دەرببڕم.

ئەو هونەرمەندە باس لە ناوەڕۆکی بەرهەمە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت، "ناوەڕۆکی گۆرانییەکە باس لە پەیوەندییەکی قووڵی مرۆڤ بە شوێنی لەدایکبوونی دەکات، تێیدا وێنەی کۆڵانەکان، قوتابخانە، هاوڕێکانی منداڵی و ئەو یادە شیرینانە دەخوڵقێنرێن کە بە تێپەڕبوونی ساڵانیش لە بیر ناچن. گۆرانییەکە بانگەوازێکە بۆ پاراستنی هەستە نیشتمانی و شارستانییەکان و جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە زێدی یەکەم، هەمیشە جێگەی تایبەتی لە دڵی مرۆڤدا هەیە."

دەربارەی سەرەتای دروستبوونی ئاوازی گۆرانییەکە، ئاراس کۆیی دەڵێت، "سەرەتا تەنیا ئاوازەکە لە مێشکم دروست بوو، پاشان هەوڵم دا تێکستێکی گونجاوی بۆ بدۆزمەوە، بەڵام هیچ شیعرێک ئەو هەست و پەیامەی نەگەیاند کە لە ناخم دا هەیبوو. بۆیە بڕیارم دا خۆم شیعرەکە بنووسم، تاکو وشەکان بە تەواوی هاوتای ئەو ئاواز و هەستە بن کە لە دڵم دا لەدایک بووبوون."

ئاراس کۆیی ئاماژەی بەوەش دا، "شاری کۆیە لە کۆتاییدا تەنیا گۆرانییەک بۆ شارێک نییە، بەڵکو نامەیەکی پڕ لە خۆشەویستیی و وەفادارییە بۆ شوێنێک کە یادی منداڵی و بنەمای ژیانی منی لەخۆگرتووە، و هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەو هەستە لە رێگەی مۆسیقاوە بگەیەنمە دڵی هەموو ئەوانەی دڵیان بۆ زێدی خۆیان لێدەدات."

ئاراس کۆیی، هونەرمەندی موزیکژەنی کورد، لەساڵی 1970 لە کۆیە لەدایکبووە. کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێری تەواو کردووە و مامۆستا و فێرکاری وانەی موزیکە.