ئەمین کابایز: شاسوار عەبدولواحید بزنسەکەی خۆی خۆشتر ویست لە کاری سیاسی
ئەمین کابایز، سەرپەرشتیاری پێشووی رێکخستنەکانی نەوەی نوێ کە لەو جووڵانەوەیە جیا بووەتەوە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 پەردە لەسەر نهێنییەکانی نێو جووڵانەوەکە لادەبات و رایدەگەیەنێت، شاسوار عەبدولواحید و سروەی خوشکی تەواوی جووڵانەوەکەیان بۆ بەرژەوەندی بازرگانی و کەسیی خۆیان قۆرخ کردووە.
ئەمین کابایز ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2022ەوە بە مەبەستی باشترکردنی باری گوزەرانی خەڵک چووەتە نێو نەوەی نوێ، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوتووە ئەو دروشمانەی لە دوورەوە دەبیسترێن، لە رواڵەتدا بوونیان نییە. گوتیشی: "ئەوەی لە دوورەوە بینیمان جۆرێک بوو، بەڵام لە ناوەوە جۆرێکی دیکەیە؛ بە قسەی باق و بریق و بەڵێنی گەورە خەڵکیان چەواشە دەکرد، کەچی هەموو شتێک تەنیا بۆ شاسوار و سروە بوو."
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی، ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئازادبوونی شاسوار عەبدولواحید لە زیندان ئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی بووە. گوتیشی: "رێکخەری رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ سروە عەبدولواحید و رەیان کلدانی بوون. شاسوار هیچ داواکارییەکی سیاسی لە یەکێتی نییە، تەنیا دەیەوێت بازرگانییەکەی بپارێزێت چونکە بزنسەکەی دابەزیبوو."
ئەمین کابایز باس لەوە دەکات کە لە 18ی کانوونی دووەمی 2026 لەگەڵ شاسوار دانیشتووە و لەبارەی متمانەکردن بە یەکێتی پرسیاری لێکردووە، لە وەڵامدا شاسوار گوتویەتی: "وەک کچ و کوڕێک کە هاوسەرگیری دەکەن و لەسەر دڵێکی پاک رێککەوتووین." بەڵام ئەمین کابایز جەخت دەکاتەوە کە بەو قسانە قایل نەبووە و پێی گوتووە چارەنووسی نەوەی نوێ وەک بزووتنەوەی گۆڕانی لێدێت کە لە 25 کورسییەوە بوو بە یەک کورسی.
ئەو بەرپرسەی پێشووی رێکخستنەکانی نەوەی نوێ پێشبینی دەکات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەو جووڵانەوەیە شکستی گەورە بهێنێت و دەڵێت: "بوومەلەرزەیەکی سیاسی لە نەوەی نوێ لە هەولێر روویداوە و زۆربەی ئەو کەسانەی کاریان بەدەست بووە، کشاونەتەوە. ئەگەر هەڵبژاردن بە 4 بازنە بێت، نەوەی نوێ ناتوانێت یەک کورسیش بهێنێت."
لە کۆتاییدا ئەمین کابایز وەڵامی ئەو قسانەی دایەوە کە دەوترێت ئەو پارتی بووە و گوتی: "من پارێزەرێکی راوێژکارم و خەڵک دەمناسێت، ئەگەر ببم بە پارتیش شتێکی ئاساییە و تاوان نییە. من خۆم نەفرۆشتووە، بەڵکو شاسوار خۆی فرۆشتووە و بزنسەکەی لە سیاسەت لا گرنگتر بووە و تا ئەو کاتەی ئەو خۆی نەفرۆشت من دەستم لە کار نەکێشایەوە."