ئەمین کابایز: بوومەلەرزەیەکی سیاسی لە ناو نەوەی نوێ لە هەولێر روویداوە

ئەمین کابایز، سەرپەرشتیاری پێشووی رێکخستنەکانی نەوەی نوێ لە هەولێر، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 پەردە لەسەر نهێنییەکانی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی لادەبات. ناوبراو ئاشکرای دەکات کە ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید لە زیندان بە رێککەوتنێکی سیاسی بووە کە لەلایەن سروە عەبدولواحید و رەیان کلدانییەوە رێکخرابوو، ئامانج لێی تەنیا پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی شاسوار عەبدولواحید بووە نەک خزمەتی گشتی.

کۆڤان: سڵاوتان لێبێت، لە دیدارێکدا لەگەڵتان دەبم. باس لە رێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ دەکەین. جا لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە ژمارەیەک کەس لە نێو نەوەی نوێ کشانەوە و دەڵێن؛ "ئیدی لەمەودوا ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ نەوەی نوێ نامێنێت." با بزانین هۆکاری چی بوو ئەوانە لە نێو نەوەی نوێ نەمان؟ و با بزانین یەکێتی و نەوەی نوێ لەسەر چی رێککەوتوون؟ چی بەڵێنێکیان بەیەکدی داوە؟ لەسەر ئەم بابەتە میوانێکم لەگەڵە؛ ئەمین کابایز ئاغا خەیلانی، سەرپەرشتیاری رێکخستنەکانی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر، هەروەها پارێزەری یاسایی، هەم نەوەی نوێ و کەناڵی ئێن ئاڕ تی-یش بووە. ئێستا ئەو لە نەوەی نوێ جیا بووەتەوە و لە ستۆدیۆ لەگەڵمە. کاک ئەمین بەخێر بێیت.

ئەمین کابایز: زۆر سوپاس.

کۆڤان: بۆ کشانەوە لە نێو نەوەی نوێ؟

ئەمین کابایز: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.

کۆڤان: بەخێر بێیت.

ئەمین کابایز: ئێمە ماوەی 4 ساڵ، من خۆم ماوەی 4 ساڵ لە نێو چوومە نێو ئەم جووڵانەوەیە.

کۆڤان: واتە لە 2022ەوە؟

ئەمین کابایز: بە بڕوای خۆم چوومە نێو ئەم جووڵانەوەیە کە؛ ئەم جووڵانەوەیە خزمەتی خەڵک بکات، قۆرخکاری نەهێڵێت، ئیدی بە گشتی باری گوزەرانی خەڵک باش بکات.

کۆڤان: جا کردی؟

ئەمین کابایز: دەچینە ناو پڕۆسەکە، باشە. ئەوەی کە ئێمە چووین لە دوورەوە بینیمان جۆرێکی دی بوو، بەڵام لە ناوەوە جۆرێکی دییە.

کۆڤان: چۆن؟ لە دەرەوە چۆنە، لە ناوەوە چۆنە؟

ئەمین کابایز: لە دەرەوە زۆر جوان خۆی نیشان دەدات، بە قسەی باق و بریق و بە بەڵێنی گەورە و نیشانی جەماوەری دەدات؛ "دەنگ بە ئێمە بدەن ئێمە چیتان بۆ دەکەین"، و "دوور دەکەوینەوە لەم دوو هێزە دەسەڵاتدارەی کە ئێستا هەن لە کوردستان حوکمی کوردستان دەکەن." بە هیچ شێوەیەک لێیان نزیک مەبنەوە، دەنگ بە ئێمە بدەن ئێمە بچینە دەسەڵات، گۆڕانکاریی باش باش دەکەین.

کۆڤان: ئەی لە ناوەوە چۆن بوو؟

ئەمین کابایز: لە ناوەوە دۆخەکە قۆرخ کرابوو تەنیا بۆ خودی شاسوار و خوشکەکەی سروە خان.

کۆڤان: ئەی بۆچی بەرگەت گرت 4 ساڵ مادام ئەوەت دەزانی؟ لە سەرەتاوە ئەوەت دەزانی یان دواتر ئەوەت زانی؟

ئەمین کابایز: نەخێر، نا وەڵا کاک کۆڤان، لە سەرەتاوە نەماندەزانی. لە سەرەتاوە نەماندەزانی. من دوو هەڵبژاردنم لەگەڵیان بوو،  هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق. من بە نییەتێکی پاک لەگەڵ ئەم جووڵانەوەیە کارم کرد. مرۆڤ ئەگەر خۆی نییەتی پاک بوو بەرامبەرەکەشی هەر ئاوا دەخوێنێتەوە، دەڵێ ئەوەش پاکە. بەڵام لە ئەساسدا وا نەبوو.

کۆڤان: کەی بۆت دەرکەوت؟ با ئەو پرسیارە بکەم؛ 4 ساڵ تۆ چوویتە ناویان، لە دەرەوە بینیت رووکەشێکی جوانە، تۆ دەڵێی لە ناوەوە وا نییە، کە چوویتە ناویان دوای چەند ساڵ ئەو وێنەیەت بۆ دروست بوو؟

ئەمین کابایز: من با قسەکانی کاک شاسوارت بۆ بکەم کاک کۆڤان، کە ئەو وێنەیەم بۆ دروست بوو. من باسی ڤیدیۆکانی کاک شاسوار ناکەم، کە بە دەیان و سەدان ڤیدیۆی هەیە ئێستا لە سۆشیاڵ میدیا، دەڵێ؛ "ڤیدیۆکانم بۆ هەڵبگرن، ڤیدیۆکانم بۆ سکرین بکەن پاشان بۆم لێ بدەنەوە، ڤیدیۆکان بزانن قسەی من چییە. من لە سیمینارەکان ئامادە بووم، من لە پانێڵەکان ئامادە بووم، من رووبەڕوو لەگەڵیدا دانیشتووم، من ئەو پرسیارانەم هەموو لێ کردووە. من خوێندنەوەی من بۆ پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بیرۆکەیەکم بۆ دروست بوو کە ئەوەی ئێمە بەدوایدا وێڵین و خزمەت بکەین لەم جووڵانەوەیە، ئەمە ئەو نییە.

کۆڤان: لەم هەڵبژاردنەی دوایی؟

ئەمین کابایز: لەم هەڵبژاردنەی دوایی، بەڵام هۆکارەکەی چی بوو ئێمە بەردەوام بووین؟ شاسوار دەستبەسەر کرا. نزیکەی 2 مانگ و نیو پێش هەڵبژاردن بکرێت، شاسوار دەستگیر کرا. کە شاسوار دەستگیر کرا، چوم خۆم پارێزەرم، چوومە ناو کەیسەکە سەیری پەڕاو دەکەی و دەچیتە ناو پڕۆسەکە و دەچیتە ناو دادگا و ناو بەردەم حاکم هەموو شتەکان دەبینی. 

3 جار کاک شاسواریان هێنا دادگا و دادگایی کرا. جاری یەکەم و جاری دووەم و جاری سێیەم حوکمی بەسەردا سەپێنرا. ئێمە هەر 3 جار لەوێ بووین. هەر 3 جار ئێمە لە هەولێر، زیاتر خەڵکی هەولێر، دهۆک چووین بۆ بەردەم دادگا لەوێ. وەڵا ئەگەر 100 کەس لە هەولێر هاتبن بۆ بەردەم دادگا، 10 کەس لە سلێمانی نەهاتن. بێنە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی کە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕێت کە شاسوار زیندانی کراوە.

کۆڤان: ئەوانە هەمووی لە رابردوو بووە، ئەمەوێ باسی ئێستا بکەم. باشە، وەڵامی ئەوەم دەستکەوت کە تۆ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە بێ ئومێد بوویت لەم حیزبە. ئەی بێ ئومێدییەکەت چی بوو؟

ئەمین کابایز: لەوە بێ ئومێد بووین کە ئەو لە زیندان بوو ئێمەش نەمانویست بەجێی بهێڵین لە زیندان، دواتر دەیانگوت "ئەها خۆیان فرۆشت" ، لەبەر ئەوە ماینەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنیشمان کرد، بانگەشەیەکی زۆر جیدیشمان کرد لە هەولێر، و لە هەولێریش لەوانەیە زۆر لەمپەرمان بۆ دروست بوو، زۆر شتمان هاتە سەر رێگا کە ئەو پڕۆسەیە نەکەین بەڵام هەر کردمان و بە مەبدەئی ئەو ئیشەمان کرد.

کۆڤان: ئەی بۆ دەڵێن ئەوانە هەر خۆیان پێشتریش هەر پارتی بوون؟

ئەمین کابایز:  ئەگەر خۆیان ئەوا دەڵێن، ئەی بۆ پۆستمان وەرگرتووە لە نێو نەوەی نوێ؟ بۆ سەرپەرشتیار رێکخستنەکانی نەوەی نوێین؟ بۆ پارێزەری یاساییانین؟ بۆ هێندەی ئەوەی ئێمە کە چووین سەردانی سلێمانیمان کردووە، خەڵکی سلێمانی هاتووە سەردانی شاسواری کردووە لە سلێمانی؟ نەخێر، لە سیمینارەکان زیاتر ئێمە بەشدار بووین.

کۆڤان: کێشەشتان بۆ دروست کراوە لێرە کە کارتان دەکرد؟

ئەمین کابایز: بێگومان کاک کۆڤان. هەر جارێک دەچوومە سلێمانی، لەوێ تەلەفۆنم بۆ دەهات، دەیانگوت لە سلێمانی؟ گوتم ئەرێ وەڵا، بەس هیچ شتێکم پۆست نەدەکرد، بەڵام ئیدی لایەن لەوانەیە ئاگادار بێت ئەمن چی دەکەم و چی ناکەم.

کۆڤان:  لە رێککەوتنەکە ئێوە زویر بوون، پێتان ناخۆش بوو کە ئەو رێککەوتنە کرا و بڕیارتان دا بکشێنەوە. لەگەڵ خودی شاسوار عەبدولواحید دانیشتن؟

ئەمین کابایز:  کاک شاسوار کە لە 14ی کانوونی دووەمی 2026 ئازاد کرا بە کەفالەتی 106 ملیۆن دیناری عێراقی، کەیسەکە دانەخراوە، تەنیا بە کەفالەت ئازاد کراوە. جگە لەوەش 26 کەیسی تریش لەسەر شاسوار هەیە. کە ئازاد بوو، 14ی کانوونی دووەمی 2026 ئازاد بوو، رۆژی 15 کە دەکاتە پێنجشەممە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی کرد، کە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی کرد و چەلەنجی حیزبەکانی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی کە بەدوایدا بچن و حکوومەت پێک بێنن جگە لە پارتی. دیار بوو سیناریۆیە، شتەکان روونە سیناریۆ بوو، من هەستم پێ کرد...

کۆڤان: ئەمە زانیارییە ئەوەی دەڵێی سیناریۆ یان هەستی خۆتە؟

ئەمین کابایز: نا وەکو زانیاریی نا بەڵام مرۆڤ کە لە سیاسەت کار دەکات حەتمەن دەزانی چی دەگوزەرێ. تۆ لەو تەوقیتە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی دەکەی و سەرۆکی یەکێتیش لە دادەنیشێ لە سەیری کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەت دەکات و چەلەنجەکە قبوڵ دەکات، هەر خۆی سەرۆکی یەکێتی، دەیگوت من قەت دانەنیشتووم بەرامبەر تەلەڤزیۆن، ئەوە یەکەم جارە لەبەر تۆ دانیشتووم. 

کۆڤان: واتە پێش ئەوە رێککەوتن کرابوو؟ واتە تۆ دەڵێی سیناریۆ بوو رێککەوتن کرابوو لە ناو؟

ئەمین کابایز: بەڵێ رێککەوتن کرابوو لە زیندان، لە سەرەتای مانگ و دوو مانگ و سێ مانگیش نەکرابوو، بەڵام لە مانگی چوار یان مانگی پێنج، چونکە 5 مانگ زیندانی کرا شاسوار، 5 مانگ و هەندێک رۆژ بوو، بەڵام لە کۆتاییەکەیەوە شاسوار چوو رێککەوتنی کرد، لەبەر ئەوەی ئەگەر رێککەوتنی نەکردبا بە بۆچوونی خۆی ئازاد نەدەبوو. داڕێژەری رێککەوتنەکەش، ئوستازی رێککەوتنەکە سروە و رەیان کلدانی، سروەی خوشکی.

کۆڤان: باشە لەسەر چی رێککەوتن؟ نەوەی نوێ داوای چی کردووە و یەکێتی چی بۆ دەکات؟

ئەمین کابایز: نەوەی نوێ دیارە، دروشمی نەوەی نوێ دیار بوو کە نەوەی نوێ داوای خزمەتی دەکرد، خزمەتی خەڵک بکات، بە ئۆپۆزسیۆنی خۆیەوە بمێنێتەوە کە 15 کورسیی هەیە، ئۆپۆزسیۆنی کارا بێت، بەڵام یەکێتی هێنایە ژێر باڵی خۆی.

کۆڤان: باشە، داواکاریی شاسوار عەبدولواحید لە یەکێتی چییە کە یەکێتی پێی رازی بووە لەسەر رێککەوتنەکە و یەکێتی چی بۆ دەکات؟

ئەمین کابایز: کاک کۆڤان، شاسوار هیچ داواکارییەکی نییە، شاسوار تەنیا بزنسی خۆی دەوێت وەک جارانی لێ بکاتەوە، بزنسەکەی دابەزیبوو، سفر بوو. بەس بازرگان، شاسوار کەسایەتییەکی بازرگانە، کەسایەتییەکی سیاسی نییە شاسوار. ئەگەر تۆ کەسێکی سیاسی بیت، با لە زیندان بمێنیتەوە چییە، ماندێلا 27 ساڵ لە زیندان مایەوە تەسلیم نەبوو.

کۆڤان: ئێستا دەڵێی خۆی دەشوبهێنێت بە ماندێلا و دەڵێ رێککەوتنی لە زیندان کرد کە... 

ئەمین کابایز: گوناحە، تاوانە خۆت بشوبهێنیت بە ماندێلا کە 27 ساڵ لە زیندان بوو کۆڵی نەدا، تەنازولی نەکرد. عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27 ساڵە لە زیندانە کۆڵی نەداوە تاوەکو ئێستا.

کۆڤان: باشە یەکێتی چی بۆ دەکات؟ تۆ دەڵێی بۆ بزنسی خۆیەتی، باشە.

ئەمین کابایز: ئاشکرایە کاک کۆڤان، یەکێتی ئامانجی خۆی پێکا. ئامانجەکەی خۆی دەویست کە کورسییەکانی شاسوار بێنێتە ناو سەبەتەکەی خۆی.

کۆڤان: باشە ئەوە کورسییەکە. ئەی چی بۆ دەکات؟

ئەمین کابایز: چی بۆ دەکات ئەوە روونە، لەبری 15 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، تەنیا یەک وەزیری پێ داوە لە بەغدا. ئەوە زانیارییە، سەرۆکی یەکێتی سەردانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە بۆ ئەوەی رازی بن کە ئەو لە بەشی خۆی وەزیرێک دەدات بە شاسوار، لە نەوەی نوێ.

کۆڤان: تۆ دەڵێی بازرگانە، باشە، کاری بازرگانی دەکات نەک سیاسی، یەکێتی ئەو مۆڵک و ماڵەی شاسوار دەگەڕێنێتەوە بۆ شاسوار؟ ئەو پارەیەی کە باس دەکرێ هی حکوومەت لای ئەوە، یەکێتی چی بۆ دەکات؟ 

ئەمین کابایز: کاک کۆڤان بە نیسبەت گەڕانەوەی مۆڵک و ماڵی کاک شاسوار، بە نیسبەت ئەو 92 ملیارەی حکوومەت کە لە داهاتی حکوومەت لە خەزێنەی حکوومەت رایکێشاوە، و کۆمپانیاکانی یەکێتی چی بۆ دەکەن؟ یەکێتی تەنها کەیسەکانی ئەوی خەواندووە... تا ئێستاش کەیسەکانی ماوە. هەر کاتێک ئیشی بە شاسوار نەما کەیسەکان جووڵەی پێ دەکەن. ئەوە روونە واتە هیچ گومانی تێدا نییە.

کۆڤان: کەواتە ئێستا بەڵێنی بە شاسوار داوە "بڕۆ بزنسی خۆت بکە و ئەو پڕۆژانەی خۆت و بڕۆ کاری خۆت بکە"،

ئەمین کابایز: هیچ رێگریی لەسەر نییە، بزنسی خۆی دەکات. 

کۆڤان: ئەوە رێککەوتنەکەیە؟ 

ئەمین کابایز: بەڵێ پڕۆژەی خۆی بکات، پڕۆژەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بزنسی خۆی دەکات.

کۆڤان: شاسوار چی پێ گوتی کە بینیت؟

ئەمین کابایز: من با باسی رێککەوتنەکەت لەگەڵ بکەم کە چیم پێ وت، من لە 18ی کانوونی دووەمی 2026 کە چووم لەگەڵیدا دانیشتم، پێم گوت؛ "کاک شاسوار ئەم رێککەوتنە چۆنە لەگەڵ یەکێتی ئەگەر بۆمان روون کەیتەوە؟" گوتی "حاکم گیان رێککەوتنەکەمان ئینشاڵڵا لە بەرژەوەندی خەڵکە، خزمەتی خەڵکە." منیش گوتم "چۆن چۆن متمانە بە یەکێتی دەکەی تۆ کە ئەوەی تۆ داوا دەکەی ئەویش ئەوەت بۆ بکات خزمەتی خەڵک بکات؟ چۆن قەناعەتت بە قسەکانی هەیە؟ ترست لەوە نییە یەکێتی بمانفرۆشێ لەبۆ مەرامێ خۆی؟" گوتی "وەڵا ئەزانی چۆنە حاکم گیان"، دووبارە پێی گوتم حاکم گیان گوتی؛ "کوڕ و کچ ئەگەر هاوسەرگیری دەکەن، لەسەر دڵێکی پاکەوە دەیکەن، قەت بیر لە تەفریق ناکەنەوە. ئێمەش گوتی رێککەوتنمان کردووە لەسەر دڵێکی پاک لەگەڵ یەکێتی، چەند مەرجێکمان هەیە." مەرجەکانی پێ گوتم، بەتایبەتی خزمەتکردنی خەڵک بکەین و بە یەک چاو سەیری زاخۆ و کفری و کەلار بکرێ، سلێمانی و هەولێر بکرێ، دهۆک و ناوچەی راپەڕین بکرێ.

کۆڤان: جا تۆ قەناعەتت بەم قسەیە هەبوو؟

ئەمین کابایز: نەخێر، قەناعەتم بەو قسەیە نایەت من، پێم گوت گوتم کاک شاسوار ئێمە قەناعەتمان بەو قسەیە نایێت، یەکێتی ئەو شتەمان بۆ ناکات، لەبەر ئەوەی ئێمە نموونەیەکی زیندوومان لەپێش چاوە؛ بزووتنەوەی گۆڕان لە 17ی ئایاری 2016 رێککەوتنێکی بە خودی نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا مابوو، مام جەلال لە ژیاندا مابوو کە رێککەوتنیان کرد خاوەنی 25 کورسی بوو بزووتنەوەی گۆڕان، ئێستا گوتم بزووتنەوەی گۆڕان وابزانم یەک کورسیی هەیە کاک شاسوار. گوتم من وەکو خۆم، نامەوێت خۆم بشکێنم بەڕاستی کاک شاسوار، چونکە ئەو رێککەوتنەی تۆش دەیکەی لەگەڵ یەکێتی، هیچ کەمتر نابێت لە بزووتنەوەی گۆڕان، لەو خراپتر دەبن. گوتی نا حاکم، ئەوە کاتی 2016 بوو ئێستا 2026ە و دنیا لە گۆڕانە و ئیدی ئینشاڵڵا بەدڵی ئێمە دەبێت، قەیناکە گوتی کردوومانە، 6 مانگ ساڵێک لەگەڵ یەکێتی دەبین لەو رێککەوتنە، ئەگەر جێبەجێ کرا ئەوە بۆ خەڵکەکەیە و شتێکی باشمان کردووە، ئەگەر جێبەجێ نەکرا گوتی ئێمە دەکشێینەوە، لە حکوومەت دێینە دەرەوە. 

کۆڤان: لە حکوومەت دێنە دەرەوە یان لە رێککەوتنەکە؟ 

ئەمین کابایز: گوتی لە حکوومەت لە رێککەوتنەکە لە هەمووی دێینە دەرەوە ئەگەر جێبەجێ نەکرا، ئەو گرێبەستەی کە ئێمە لەگەڵ یەکێتی کردوومانە جێبەجێ نەکرا، هەم لە حکوومەت هەم لەگەڵ ئەو رێککەوتنە دەکشێینەوە، مافی ئەوەشمان نووسیوە و واژۆمان کردووە کە بتوانین بکشێینەوە. 

کۆڤان: واتە یەکێتی گەرەنتییەکی پێ داون بەشدار دەبن لە حکوومەت و لەگەڵ ئەوان؟ 

ئەمین کابایز: منیش پێم گوت گوتم گەرەنتی چییە؟ ئەو کەسانەی ئەو ئەندامانەی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوانەی کە باڵان، ئەوانی دیکە، ئەوەی کە تۆ باوەڕت پێیانە، کە چوون بۆ حکوومەت دوای ئایا بە قسەی جەنابت کە تۆ رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا و بە دڵت نەبوو، تۆ داوایان لێ بکەی بکشێنەوە لە حکوومەت بێنە دەرەوە، ئایا گەرەنتی چییە جەماعەتی خۆت دەرچن؟ گوتی بۆ حاکم ئەگەر تۆ دابنێم سەحب ناکەیتەوە؟ گوتم وەڵا ئێستا بڕیار نادەم ئەو کاتە بڕیار دەدەم، ئەوەم پێ گوت. وتم ئەگەر ئەو بێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێستا قسەیە تەنیا کۆنگرەی رۆژنامەنووسییە، بەڵام بێتە بواری جێبەجێکردنەوە کاک شاسوار، هەڵوێستمان دەبێت، دەبێتە بوومەلەرزەیەکی سیاسی لە نەوەی نوێ دەدات لە هەولێر. 

کۆڤان: لێی دا؟ 

ئەمین کابایز: لێی دا. 

کۆڤان: ئێستا کەم بووەتەوە؟

 ئەمین کابایز: ئەکید ئەوەی کە کاری بە دەستە لە هەولێر سەحبی کردەوە. 

کۆڤان: نەوەی نوێ 15 کورسیی دەهێنێتەوە؟ 

ئەمین کابایز: نەوەی نوێ وەڵا کاک کۆڤان گۆڕان چۆن لە 25 کورسی یەک کورسیی هەیە، نەوەی نوێش ئەگەر کوردستان 4 بازنە بێت، بە خوا یەک لاقی یەک کورسیش ناهێنێ، نەک یەک کورسی، یەک قاچی یەک کورسیش ناهێنێت. بەڵام ئەگەر فرەبازنە نەبێت، واتە یەک بازنە بێت کوردستان یەک بازنە بێت، لەوانەیە بتوانێت چونکە دەنگی زاخۆ هەتا کفری و کەلار بتوانێت کورسییەک کۆبکاتەوە، بەڵام فرەبازنە بێت شتی وا نابێت. 

کۆڤان: شاسوار ئەوە نازانێت؟

ئەمین کابایز: شاسوار ئەوە باش دەزانێت. بەڵام شاسوار دەزانێت کۆتایی بە بزنسەکەی خۆی دێت، بزنسەکەی خۆی خۆشتر ویست لە کاری سیاسی. 

کۆڤان: ئێستا تۆ بوویتە پارتی؟

ئەمین کابایز:  نەخێر من نەبوومەتە پارتی، من پارێزەرێکی راوێژکارم کاری خۆم دەکەم، خەڵک دەمناسێ من کێم، ئەگەر ببم بە پارتیش شتێکی زۆر ئاساییە، خۆ تاوان نییە. من خۆم نەفرۆشتووە، ئەو خۆی فرۆشتووە، تاکو ئەو خۆی نەفرۆشت من دەستم لەکار نەکێشایەوە. چونکە گوتەبێژی نەوەی نوێ بەر لە یەکی حوزەیران کە رۆژی دامەزراندنی یەکێتی بوو، 10 رۆژ پێش ئەو کاتە وتارێکی دا وتی؛ رێککەوتنەکەی ئێمە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنیها رێککەوتنێکی شەفەهی بێت، هیچ رێککەوتنێکی سەر کاغەزمان نییە. 

کۆڤان:  ئەوە بووە سەر کاغەزیش. 

ئەمین کابایز: ئینجا دەنگەکەمان گەیشتبووە هەموو شوێنێک کە ئێمە چی دەکەین. دوای ئەوەی کە رۆژی دامەزراندنی یەکێتی، سەرۆکی یەکێتی هەندێ قسەی کرد گوتی؛ لەم نزیکانە رێککەوتنەکەی ئێمە و نەوەی نوێ دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و ئیمزا دەکەین. ئەو کاتە شاسوار لە دەرەوەی وڵات بوو. شاسوار هەر لە پاش ئازادبوونەکەی دوای 3-4 هەفتە، بە خێزانەوە سەردانی ئەوروپای کرد. دەیتوانی نەگەڕێتەوە. 

کۆڤان: ئێوە ئیشتان بۆ دەکرد ئەگەر نەگەڕابایەوە؟ 

ئەمین کابایز: بەڵێ بەردەوام دەبووین، چۆن لە زیندان بوو بەردەوام بووین، لە دەرەوە با، ئێمە بەردەوام دەبووین. بەڵام نەهات با، تەسلیم بە یەکێتی نەبوو با. کاک کۆڤان من پەیامێکم هەیە بۆ شاسوار.

کۆڤان:  فەرموو.

ئەمین کابایز: کاک شاسوار تۆ لە سیمینارەکان، لە پانێڵەکان، دانیشتنی رووبەڕوو من و تۆ چیت بە ئێمە گوت؟ نەتدەگوت دەباشان دەکەین بە مۆزەخانە منداڵەکانی ئێمە سەردانی بکەن؟ ئەی نەتدەگوت کوڕانی تاڵەبانی لە پێش دەرگای سەرا وەک مفەوەز شەماڵ لە سێدارە دەدەین؟ کوا ئەو قسە گەورانە؟ چی لێ هات؟ واتە خۆت گوتیت "بۆم هەڵبگرن بۆ مێژوو ئەمانە"، هەتا گوتت؛ وەڵڵاهی و تەڵڵاهی کە هەردووکی ناوی خوایە ئەو قسەیەت کرد، من ئەو قسەیەت بۆیە ئێستا حالەن بە بیرت دەهێنمەوە، گوتت با دوای خەڵک نەڵێ درۆی کرد. ئێستا قسەکان، قسەکانی خۆت هەموو بە خۆت گوێ لە قسەکانی خۆت رابگرە، ئەوەی کە تۆ وتت هیچت کرد؟ نەخێر، ئەکید هیچت نەکرد. و لێرەشدا پەیامێکم هەیە بۆ من وەکو هەولێرییەک، پەیامێکم هەیە بۆ پارێزگای هەولێر، بۆ دەنگدەرانی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر، کە زیاتر لە 104 هەزار دەنگدەرمان لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە دەنگیان بە نەوەی نوێ، بەڕاستی من داوای لێبوردنتان لێ دەکەم، دەنگدەرانی خۆشەویست، چیدی حەز دەکەم بەڕاستی متمانە بە ئۆپۆزسیۆنی لەم شێوەیە... بە قەناعەتی من ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان هەر بوونی نییە، چونکە منیش گەیشتمە قەناعەت. دەنگ بە ئۆپۆزسیۆنی ساختە، دەنگ بەوشتانە جارێکی دی مەدەن، دەنگی خۆتان هەرزان مەفرۆشن.

کۆڤان: سوپاس بۆ ئەمین کابایز ئاغا خەیلانی، سەرپەرشتیاری رێکخستنەکانی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر، یان بڵێین سەرپەرشتیاری پێشووی رێکخستنەکانی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر کە لەگەڵمان بوویت. زۆر سوپاس.

ئەمین کابایز: زۆر سوپاس، بەڕێزیت.