پاشەکشەی شنیار ئەنوەر لە هەڵوێستەکانی دژ بە دیجیتاڵیکردنی مووچە

شنیار ئەنوەری پەرلەمانتاری یەکێتی، بە گۆڕینی هەڵوێستەکەی بەرامبەر پڕۆژەی "هەژماری من"،  تووشی گەورەترین ئیحراجی بەرامبەر شەقامی کوردی و مووچەخۆران دەبێت، چونکە کارەکەی ئێستای تەواو پێچەوانەی ئەو گوتارانە کە پێشتر دژی سیستمەکە بڵاوی دەکردەوە.

شنیار ئەنوەر، پەرلەمانتاری کوردستان لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا کە کاردانەوەی لە ناوەندە میدیایی و سیاسییەکاندا لێکەوتووەتەوە، بە فەرمی خۆی لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار کرد؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر یەکێک بوو لە دژبەرە سەرسەختەکانی ئەو پڕۆژەیە.

ئەم پەرلەمانتارەی یەکێتی لە ماوەی رابردوودا بە هەموو شێوەیەک دژایەتی پڕۆژەی "هەژماری من"ی دەکرد و بەردەوام رایدەگەیاند: هەرگیز خۆی لەو پرۆژەیە تۆمار ناکات. 

هەروەها لە چەندین لێدوان و کەمپینی میدیاییدا، هانی هاووڵاتییان و مووچەخۆرانیشی دەدا کە بایکۆتی پڕۆژەکە بکەن و متمانەی پێ نەکەن، بەو پێیەی بڕوای بە دیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبوو لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە.

بەڵام ئێستا، ئەم پەرلەمانتارە خۆی لە دۆخێکی سیاسیی شەرمەزارکەردا دەبینێتەوە، پاش ئەوەی ئاشکرا بوو کە بە بێدەنگی فۆڕمی تایبەت بە پڕۆژەکەی پڕکردووەتەوە و ئیدی دەیەوێت مووچەی مانگانەکەی هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکە لە رێگەی کارتی بانکی و لە چوارچێوەی "هەژماری من"ـەوە وەربگرێت. ئەم هەنگاوە لە لایەن چاودێرانەوە وەک پاشەکشەیەکی ئاشکرا لە دروشم و بەڵێنەکانی پێشووی لەقەڵەم دەدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پرۆژەی هەژماری من لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە کردبوو، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بڕیار دراوە ماوەی سێ مانگ دابنرێت بۆ تەواوکردنی هەموو رێکارەکانی تۆمارکردنی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتبوو، بە پێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان تاوەکوو 31ـی ئابی 2026، لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار نەکرابێت و کارتی بانکییەکەی لە رێگەی پڕۆژەکەوە وەرنەگرتبێتەوە، ئەوا مافە داراییەکان و مووچەکەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رادەگیرێت و بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نانێردرێت.