لیندزی گراهام: ئەحمەد شەرع گورزێکی گەورەی لە هەژموونی ئێران داوە

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، گورزێکی کوشندەی لە هەژموونی ئێران لەناو خاکی سووریادا داوە. گراهام جەختی کردەوە، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی تاران دەستکەوتێکی گرنگە بۆ گەلی سووریا و داوای کرد دەرفەت بە شەرع بدرێت بۆ چەسپاندنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو و سەقامگیر.

گراهام لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوو کۆبوونەوەی گرنگ کە لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە تورکیا ئەنجامی دابوون؛ یەکەمیان لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و دووەمیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا.

سەبارەت بە دۆخی سووریا، گراهام ئاماژەی بەوە کرد، لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادایە کار لەگەڵ سەرۆکی سووریا بکات و دەرفەتی پێ بدرێت تاوەکو توانای خۆی لە پێکهێنانی حکوومەتێکی جێگیر بسەلمێنێت.

گوتیشی: "مانەوەی سووریا بە دابەشکراوی تەنیا لە بەرژەوەندی نەیارانی ئەمریکادایە."

ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە ئەحمەد شەرعی وەک باشترین هەل بۆ بونیادنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو وەسف کرد. هەرچەندە ئاماژەی بەوە کرد، لە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل تێدەگات، بەڵام جەختی کردەوە، شەرع بووەتە دڕکێک لە چاوی ئێراندا و توانیویەتی هەژموونی تاران بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، ئەمەش بە سەرکەوتن بۆ گەلی سووریا و گورزێک بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، گراهام باسی لە جەنگی ئۆکرانیا کرد و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە ئەوپەڕی گوشار بخرێتە سەر ڤلادیمێر پووتین بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە." ئاماژەی بە پڕۆژەیاسایەکی نوێی سزاکان کرد، لەگەڵ سیناتۆر ریچارد بڵومێنتال ئامادەیان کردووە، رێگە بە دۆناڵد ترەمپ دەدات باجی گومرگی بخاتە سەر ئەو وڵاتانەی نەوت و غازی رووسیا بە نرخێکی هەرزان دەکڕن، بەمەش سەرچاوە داراییەکانی مۆسکۆ وشک دەکرێن.

هەروەها گراهام دەستخۆشی لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ پێدانی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی مووشەکی پاتریۆت لە ناوخۆی ئۆکرانیا و رایگەیاند، لە کۆتاییدا جەنگەکە بە گفتوگۆ کۆتایی دێت، بەڵام پێویستە ئۆکرانیا لە پێگەیەکی بەهێزەوە بچێتە سەر مێزی دانوستان.

لیندزی گراهام ستایشی هەوڵ و کۆبوونەوەکانی دۆناڵد ترەمپی لە تورکیا کرد و بە ناوازە وەسفی کردن. ئەو پێی وایە دەستێوەردان و بەشداریی راستەوخۆی ترەمپ لە هەردوو دۆسیەی سووریا و ئۆکرانیا، دەستکەوتی گەورە بۆ سەقامگیری جیهانی بەدەست دەهێنێت.