وەبەرهێنانی دهۆک: بەبڕیاری سەرۆکوەزیران لێخۆشبوون بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی دهۆک رایدەگەیەنێت، هەر وەبەرهێنەرێک لە ناوچە کەمگەشەسەندووەکان پڕۆژە جێبەجێ بکات لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت.
د. هەڤاڵ سدیق بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر وەبەرهێنەرێک پڕۆژە لە ناوچە کەمگەشەسەندووەکان جێبەجێ بکات ئاسانکاری تەواوی بۆ دەکرێت و هەروەها لێخۆشبوونی لە کرێی خزمەتگوزارییەکان بۆ دەکرێت.
گوتیشی: ژمارەیەک وەبەرهێنەر ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لەو ناوچانە دەربڕیوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، سەبارەت بە دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی بە ناوچەی کەمگەشەسەندوو دادەندرێن، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەیەکیان پێکهێناوە کە چەندین لایەن تێدا ئەندامن و ژمارەیەک ناوچەیان وەک ناوچەی کەمگشەسەندوو دەستنیشان کردووە لەوانە؛ قەزاکانی ئاکرێ، ئامێدی، شێخان، بەردەڕەش و هەروەها شارەدێکانی مانگێش و خانکێ.
راشیگەیاند، وەبەرهێنەر هەر پڕۆژەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات لەو سنوورانە جێبەجێ بکات لێخۆشبوونی لە کرێی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و چەندین خزمەتگوزاری دیکە بۆ دەکرێت.
هەڤاڵ سدیق دەشڵێت، ئەو پڕۆژانە کاریگەرییان لەسەر بووژانەوە و گەشەسەندنی ناوچە دوورە دەستەکان دەبێت و لە داهاتووییەکی نزیکدا ئەنجامی پڕۆژەکان و پلانی حکوومەت دەردەکەوێت.
بە گوێرەی بە دواداچوونەکان لە ساڵی 2006 ـەوە دوای دەرکردنی یاسای وەبەرهێنان تاوەکو ئێستا سەرمایەی وەبەرهێنان لە دهۆک نزیکەی 15 ملیار دۆلارە و مۆڵەت بە زیاتر لە 300 پڕۆژە دراوە، هەروەها زۆرترین ئەو پڕۆژانەی جێبەجێکراون، بە پلەی یەکەم کەرتی نیشتەجێبوون بووە، دواتر گەشتیاری و کشتوکاڵ.