ئەمریکا، سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەردەهێنێت
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، کۆنگرێسی وڵاتەکەی لە نیازی خۆی بۆ لادانی ناوی سووریا لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی کە واشنتن وەک "پاڵپشتیکاری تیرۆر" پۆلێنی کردوون، ئاگادار کردەوە، ئەم هەنگاوە وەک پاڵپشتییەکی نوێی واشنتن بۆ قۆناخی گواستنەوەی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع سەیر دەکرێت.
جیم ریش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە رێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس"ەوە رایگەیاند، ترەمپ بە فەرمی کۆنگرێسی لەم بڕیارە ئاگادار کردووەتەوە، گوتیشی، ئەم بڕیارە مێژووییە، هاوکات هیوای خواست ئەم هەنگاوە یارمەتیدەری گەلی سووریا بێت بۆ چاکبوونەوە و بوژانەوەی ئابووری و تێپەڕاندنی سەردەمی چەوساندنەوەی رژێمی ئەسەد.
هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەستپێکردنی رێکارەکانی لادانی سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر راگرت، کە تەمەنی ئەم سزایە بۆ چەندین دەیە دەگەڕێتەوە، روبیۆ رایگەیاند، بە فەرمی کۆنگرێسی لەم بڕیارە ئاگادار کردووەتەوە و ئەگەر لە لایەن یاسادانەرانی ئەمریکاوە رەتنەکرێتەوە، ئەوە بڕیارەکە لە ماوەی 45 رۆژدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
روبیۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "ئەمە هەنگاوێکی تری مێژووییە لە لایەن ترەمپەوە بۆ پێدانی دەرفەت بە گەلی سووریا. لادانی ئەم سزایانە رێگە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی خۆش دەکات و دەرفەتی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دەڕەخسێنێت."
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی لووتکەی هاوپەیمانی ناتۆ لە تورکیا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە، کە وەک میوان بانگهێشتی لووتکەکە کرابوو، ئەحمەد شەرع لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە کانوونی یەکەمی 2024دا، کار بۆ بنیاتنانەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا دەکات، دوای ساڵانێکی زۆر لە پچڕانی پەیوەندییەکان لە سەردەمی رژێمی ئەسەدا.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ داوای لە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق کردووە، هەنگاو بنێن بەرەو ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا. پێشتر هەردوو وڵات بە نێوەندگیری ئەمریکا چەند گفتوگۆیەکیان کردەوە کە بووەتە هۆی پێکهێنانی تێگەیشتنی سنووردار لەسەر میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەش، بێ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر.