رۆژئاوای ئەوروپا گەرمترین مانگی حوزەیرانی لە مێژوودا بەڕێکرد

زانایانی یەکێتیی ئەوروپا رایانگەیاند، مانگی حوزەیرانی رابردوو گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لە مێژووی رۆژئاوای ئەوروپادا. ئەم گەرما بەهێزە بووە هۆی پچڕانی کارەبا و داخستنی قوتابخانەکان لە چەندین وڵاتدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، دەزگای چاودێری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا، لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاشکرای کرد، مانگی حوزەیرانی 2026، دووەم گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لەمێژوو و لەسەر ئاستی جیهان، هەروەها پلەی گەرمی ئاوی دەریاکانیش گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. داتاکان دەریدەخەن کە تێکڕای پلەی گەرمی لە رۆژئاوای ئەوروپا گەیشتووەتە 20.74 پلەی سەدی، کە ئەمەش 3 پلە لە رێژەی ئاسایی بەرزترە.

ئەم شەپۆلە گەرمایە وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، نەمسا و پورتوگال دەگرێتەوە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندین شەپۆلی گەرمای توندیان بەخۆوە بینیوە و هێشتاش بەردەوامە.

سامانسا بێرجس، پسپۆڕی کەشوهەوا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دۆخە نیشانەی گۆڕانی خێرای کەشوهەوایە. ئەو هۆشداری دەدات کە لە داهاتوودا شەپۆلی گەرمای بەهێزتر روودەدەن، کە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک، ژینگە و ژێرخانی وڵاتان دروست دەکەن.

هەینی، 3ـی تەمموزی 2026، ستێفانی ریست، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند، لە 22 تا 28ـی حوزەیران، کە لووتکەی شەپۆلی گەرماکە بووە، نزیکەی 2025 حاڵەتی مردن تۆمارکراوە.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا، پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زۆر زیاتر بێت.