پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی 109 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرما، بەهۆی زیادبوونی خواستی هاووڵاتییان، کێشەی ئاوی خواردنەوە لە ناوەندی شارۆچکەی ئاکرێ سەرهەڵدەدات و خەڵک ناچار دەبن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئاو بکڕن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی ئەم کێشەیە، بە گوژمەی 109 ملیار دینار خەریکی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گەورەیە؛ ئەم پڕۆژەیە ئاو لە رووباری زێی مەزنەوە بۆ ناوەندی شارۆچکەی ئاکرێ دەگوازێتەوە و بڕیارە لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا تەواو بێت و بکەوێتە گەڕ.
بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، دانیشتووان بە درێژایی وەرزی هاوین دەبێت هەفتانە بە لایەنی کەمەوە تانکەرێک ئاو بکڕن. کێشەی کەمئاوی لە ئاکرێ بووەتە بارگرانییەکی گەورە بۆ سەر شانی خەڵک، چونکە کڕینی ئاو تاکە رێگەی دەستکەوتنیەتی و ئەمەش لە توانای دارایی هەموو خێزانێکدا نییە.
قەهار محەمەد کە کرێکارە، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئاومان لەم گەڕەکە زۆر کەمە، ناچارین ئاو بکڕین و پارەیەکی زۆریشمان لێ دەڕوات، بەڕاستی بۆ ئاو زۆر ماندووین."
هەروەها رەعد زاهر، فەرمانبەر دەڵێت: "ئاکرێ بە گشتی لە هاویناندا بێ ئاوە. ئەگەر ئەم پڕۆژەیە زوو تەواو ببێت و خەمێکی لێ بخورێت، خەڵک لەم دەستکورتی و بێ ئاوییە ڕزگاری دەبێت."
لەلایەکی دیکەوە سامی زاهر، پێشمەرگە، باسی لەوە کرد: "ئەگەر ئەم پڕۆژەیەی ئێستا کاری تێدا دەکرێت زوو تەواو بێت، سوودێکی زۆری دەبێت و دەستخۆشیشە بۆ حکوومەت، چونکە لە هاویناندا دۆخی ئاوی خواردنەوەمان زۆر خراپە."
ئێستا رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ گەیشتووەتە%66. بەپێی وتەی لایەنی جێبەجێکار، لە چوار مانگی داهاتوودا کارەکانی کۆتایییان دێت و لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ئاوی پڕۆژەکە دەگاتە ناوەندی قەزاکە و دەوروبەری.
بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، کێشەی ئاوی خواردنەوە لە ئاکرێ بە یەکجاری چارەسەر دەبێت، چونکە پڕۆژەکە توانای هەیە لە هەر کاتژمێرێکدا 3 بۆ 4 هەزار مەتری سێجا ئاو بۆ ناوەندی قەزاکە و 18 گوندی دەوروبەری دابین بکات.