موسەننا ئەمین: حکوومەتی پێشوو عێراقی تاڵان کردووە

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، لەبۆڵتەنی هەواڵی کوردستان24، پشتیوانی خۆی و فراکسیۆنەکەی بۆ هەڵمەتەکانی عەلی زەیدی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەربڕی و رایگەیاند، ئەم هەڵمەتە نەک هەر ویستی سەرۆکوەزیرانی لەپشتە، بەڵکو پێداویستییەکی هەنووکەییە بۆ رزگارکردنی عێراق لەو کارەساتە دارایی و ئابوورییەی تێیکەوتووە.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، دکتۆر موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، لەبۆڵتەنی هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند؛ حکوومەتەکەی پێشوو عێراقی داتەکاندووە و تاڵانی کردووە، بە جۆرێک ئێستا حکوومەت پارەی پێویستی بۆ مووچە لەبەردەستدا نییە و ناچارە پەنا بۆ قەرزکردن لە بانکی ناوەندی ببات.

گوتیشی: "عێراق وڵاتێکە داهاتەکەی بەقەد سێ وڵات دەبێت و دەتوانێت سێ وڵاتی پێ بەڕێوە ببرێت ئەگەر دەستێکی پاک بەڕێوەی ببات، بەڵام ئێستا بەهۆی گەندەڵییەوە بێبەشە لە هەموو خزمەتگوزارییەک و پرسی مووچە بووەتە هۆی دوودڵی و ناسەقامگیری دەروونی بۆ هاووڵاتییان."

سەبارەت بە پاڵنەرەکانی ئەم هەڵمەتی چاکسازییە، ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد، ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە پشت ئەم پرسەوەن. راشیگەیاند، ئامانجەکان تەنیا ئابووری نین، بەڵکو رەهەندی سیاسی و پاکتاوکردنی هەندێک تیمی سیاسییان لەپشتە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موسەننا ئەمین ئاماژەی بە بوونی موجامەلەی سیاسی کرد بۆ هەندێک لایەن، بەتایبەت حزبی تەقەدوومی سوننەکان، و گوتی: "دەبوو سەرۆکی پەرلەمان پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڵبگرتایە کە گومانیان لەسەرە، ئەگەری هەیە جۆرێک لە رێککەوتنی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان هاوکار بێت." روونیشیکردەوە، لادانی پارێزبەندی لە کاتی وەرزی یاساداناندا تەنیا بە دەنگدانی ناو پەرلەمان دەبێت و سەرۆکی پەرلەمان بە تەنیا ئەو دەسەڵاتەی نییە.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە، هەڵمەتەکە لە قۆناخێکی بچووکەوە دەستی پێکردووە و بەرەو فراوانبوون دەچێت . ئاشکراشی کرد، دەزگا هەواڵگرییەکانی دەرەوە هاوکار بوون لە پێدانی زانیاری و ئاشکراکردنی هەندێک دۆسیەی گەندەڵی کە پێشتر لایەنە ناوخۆییەکان بەهۆی هەستیارییەوە دەستیان بۆ نەبردووە.