عەلی زەیدی: دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەت بێت
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلعەرەبیە" چەندین پەیام و هەڵوێستی گرنگی حکوومەتەکەی سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی، ئەمنی، ئابووری و دەرەکییەکان خستەڕوو و تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گرنگترین قسەکانی عەلی زەیدی بڵاویکردەوە کە لەو چاوپێکەوتنە باسی لێوە کردووە، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە، حکوومەتەکەی بە هیچ شێوازێک جیاکاری لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵیدا ناکات، چونکە ئەم بابەتە پرسێکی تاوانکارییە و هیچ پەیوەندییەکی بە مەزهەب، نەتەوە یان وابەستەیی سیاسییەوە نییە.
زەیدی راشیگەیاندووە "بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و راونانی تۆمەتبارانی گەندەڵی، ئاساییە پەرچەکردار هەبێت لەلایەن ئەو زیانلێکەوتووانەی کە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم رێکارە یاساییانە دەربڕیوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ هێڵێکی سوور بۆ تێوەگلاوانی گەندەڵی بوونی نییە و تەنیا یەک رێگەیان لەبەردەمە، ئەویش گەڕاندنەوەی پارە تاڵانکراوەکانی گەلی عێراقە، زەیدی ئاستی هەماهەنگیی نێوان حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەریی بە "زۆر بەرز" وەسف کرد.
هەروەها عەلی زەیدی دڵنیایی دا کە بەغدا دەتوانێت سەرجەم کێشە و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و جەختی کردەوە "ئێمە بڕوامان بە دواخستن و تێپەڕاندنی کێشەکان نییە، بەڵکو بڕوامان بە چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی بنەڕەتییان هەیە."
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە حکوومەت چووەتە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بە ئامانجی ئەوەی لە داهاتوودا چالاکییەکانیان بگوازنەوە بۆ کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. زەیدی هۆشداریی دا و رایگەیاند "دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی دیاریکراو، چەک بە تەواوی لەژێر دەستی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و هێزە چەکدار و ئەمنییەکاندا دەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، زەیدی هۆکاری دواکەوتنی ناردنی بارە کاشەکانی دۆلاری لە ماوەی رابردوودا بۆ ئەو ئاستەنگانە گەڕاندەوە کە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە دروست ببوون، بەڵام دڵنیایی دا کە لەگەڵ جێگیربوونەوەی دۆخەکە، ناردنی دۆلار بەپێی خشتەی کاتیی دیاریکراو دەستیپێکردووەتەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەمنزیکانە هاوکارییەکی سیاسی و هاوبەشییەکی ئابووریی نوێ لە نێوان عێراق و ئەمریکادا رادەگەیەنرێت. زەیدی گوتیشی "هەمیشە هەوڵ دەدەین بۆ دروستکردنی نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا."
هەروەها باسی لە خواستی وڵاتەکەی کرد بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی ئابووریی بەهێز لەگەڵ سعوودیە، بەو پێیەی سعوودیە قووڵایی ستراتیژیی عێراقە و عێراقیش قووڵایی ستراتیژیی ئەوانە.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوتیش، رایگەیاند عێراق یەکێکە لە وڵاتە دامەزرێنەرەکانی رێکخراوی ئۆپێک (OPEC) و تێیدا دەمێنێتەوە، بەڵام هەوڵی بەدەستهێنانی پشکێکی دادپەروەرانە و منسفانە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا دەدات.