14 ملیار دیناری دیکە لە دۆسیەی جومەیلی دەستی بەسەردا گیرا
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵیی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، دەستیان بەسەر 14 ملیار دیناری دیکەدا گرتووە کە لەناو چاڵێکی ئاوەڕۆی بارانباریندا شاردرابوونەوە.
دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پارانەی لە پڕۆژەکانی بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت، عەدنان جومەیلی و تێوەگلاوانی دیکە بەفیڕۆ درابوون، توانرا 14 ملیار دیناری نوێ بدۆزرێتەوە و دەستی بەسەردا بگیرێت.
بەگوێرەی بەیاننامەی دادگا، ئەم بڕە پارەیە لەناو چاڵێکی تایبەت بە کۆکردنەوە و بەڕێکردنی ئاوی بارانباریندا شاردرابووەوە. دادگا جەختی کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنی هەموو ئەو کەسانەی لەم دۆسیەیەی بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵییەدا تێوەگلاون.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ کرد و کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری لێ کەوتووەتەوە.