سوپای ئیسرائیل: کوژرانی دوو سەرکردەی حەماسی راگەیاند

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فەرماندەیەکی بارەگای بەرهەمهێنان و فەرماندەیەکی تاقمەکانی ناو کەتیبەی "نوسەیرات"ی سەر بە بزووتنەوەی حەماسی لە کەرتی غەززە لەناوبردووە.

هەینی 10ـی تەمووزی 2026، بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، هێزەکانیان دوو هێرشی ئاسمانییان لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ئەنجامداوە، لە هێرشی یەکەمدا کە باکووری کەرتی غەززەی کردە ئامانج، "خەلیل جەمال خەلیل مەناع" کوژرا، کە سەرکردەیەکی دیاری بارەگای بەرهەمهێنانی باڵی سەربازیی حەماس بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە مەناع لە ماوەی جەنگدا سەرپەرشتی وۆرکشۆپەکانی دروستکردنی مووشەکهاوێژی کردووە و بەرپرس بووە لە قۆناغە کۆتاییەکانی بەرهەمهێنان، هەروەها رۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە بەڕێوەبردنی کارەکانی بەرهەمهێنان و هەوڵیداوە لە ماوەی ئاگربەستدا بارەگاکان نۆژەن بکاتەوە.

سەبارەت بە هێرشی دووەم، سوپا ئاماژەی بەوە کردووە، لە باکووری غەززە "ئوسامە وەلید دیب موحارب" کراوەتە ئامانج و کوژراوە، کە فەرماندەی گرووپێک بووە لە کەتیبەی نوسەیرات، سوپای ئیسرائیل دەڵێت موحارب ژمارەیەک بۆمبی چێنراوی پێبووە کە ئامادەکرابوون بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئیسرائیلییەکان لە ناو کەرتی غەززە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە، هەردوو سەرکردەکە هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانیان و لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە لەناوبراون، هەروەها راشیگەیاند، هێزەکانی فەرماندەیی ناوچەی باشوور بەپێی رێککەوتنەکان بڵاوەیان پێکراوە، بەڵام بۆ لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.