لە تایوان زیاتر لە 14 هەزار کەس ئاوارە بوون

زیاتر لە 14 هەزار کەس لە تایوان ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و ژمارەیەکی زۆر لە فرۆشگا و بازاڕەکانیش داخران، ئەمەش دوای ئەوەی باوبۆرانی 'بافی' رووی لە ناوچەکە کرد، کە پێشتر زیانی بە چەند دوورگەیەکی ژاپۆن گەیاندبوو.

باوبۆرانێکی بەهێز و بارانی بەخوڕ بەندەری "کیلۆنگ"ی کەناراوی لە تایوان گرتووەتەوە و شەقامەکانی شارەکە بە تەواوی چۆڵ بوون، کە پێشبینی دەکرێت یەکێک بێت لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی بەربکەوێت. هاوکات بەهۆی باوبۆرانەکەوە کارەبای زیاتر لە 27 هەزار کەس بڕاوە.

دوای ئەوەی باوبۆرانەکە لە دوورگەکانی "گوام" و "ماریانای باکوور" وێرانکاریی گەورەی نایەوە و وەک زریان و گەردەلولێکی زۆر بەهێز پۆلێن کرابوو، لە ئێستا کەمێک کەمبووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی کەشناسی تایوان رایگەیاند، خێرایی با لە باوبۆرانی 'بافی'دا بۆ 144کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دابەزیوە و زریانەکە بەرەو لاوازبوون دەچێت.

 پێشبینی بارانی زۆر بەخوڕ لە باکووری دوورگەکە دەکرێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی شەپۆلەکانی دەریا کە رەنگە بگاتە 10 مەتر.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەریاکان دەبێتە هۆی توندتربوونی زریانە خولگەیییەکان و زیادبوونی رێژەی شێ، ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بارینی بارانی بەخوڕ و لافاو.

لە دوورگەی "ئۆکیناوا"ـی ژاپۆن کارەبای زیاتر لە 18 هەزار ماڵ بڕاوە و دەیان گەشتی ئاسمانیش هەڵوەشێنراونەتەوە.

هەروەها دەسەڵاتدارانی فلیپین رایانگەیاند، بەهۆی رۆچوونی خاک لە دوورگەی "مینداناو"، لانی کەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە، و دەیان بەندەریش لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بە داخراوی ماونەتەوە.

پێشبینی دەکرێت ئەو باوبۆرانە بەیانی رۆژی یەکشەممە، بگاتە چین. تەلەفزیۆنی فەرمی چین (CCTV) هۆشداری داوە لە بارینی بارانی شێوە نائاسایی لە پارێزگاکانی "ژێجیانگ" و "فوجیان" لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.