چین رووی لە کڕینی نەوتی عێراق کردووە و فرۆشی نەوتی ئێرانیش دابەزیوە

پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین روویان لە کڕینی نەوتی خاوی عێراق و وڵاتانی دیکەی کەنداو کردووە کە سزایان لەسەر نییە. ئەمەش دوای ئەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گەڕانەوە، کە بووە هۆی سستبوونی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە و کۆبوونەوەی بڕێکی زۆری نەوتی ئێرانی لەناو کەشتییەکاندا لەناو دەریا.

بەپێی زانیاریی بازرگانانی نەوت، پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین لە ویلایەتی "شاندۆنگ" 16  بۆ 20.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراق، ئیمارات و قەتەریان کڕیوە، ئەمەش بە گەورەترین بڕی کڕینی نەوتی بێ سزا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت لە دوای هەڵگیرسانی ململانێکانەوە، هاوکات کۆمپانیای "شینگ هۆنگ"ی پترۆکیمیایی نزیکەی 12  ملیۆن بەرمیل نەوتی لە عێراق، سعوودیە و ئیمارات کڕیوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیاکانی کیپلەر، ڤۆرتێکسا یوان کە رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، زیادبوونی هەناردەی نەوتی عێراق و وڵاتانی کەنداو بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی ئێران، بەتایبەت دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بریتییە لە داشکاندنی نەوتی عێراق کە بۆ هەر بەرمیلێک 5 بۆ 8 دۆلار بەراورد بە نەوتی برێنت کەمتر فرۆشراوە، هەروەها داشکاندنەکەی نەوتی ئێران تەنیا 2  بۆ 3 دۆلار بووە، ئەمەش وایکردووە بۆ کڕیاران سەرنجڕاکێش نەبێت.

هەر بەگوێرەی داتاکان قەبارەی ئەو نەوتە ئێرانییەی کە لە دەریا بە بێ کڕیار ماوەتەوە بەرزبووەتەوە، بەپێی داتاکانی کیپلەر، لە نێوان 14ـی حوزەیران بۆ 10ـی تەممووز، نزیکەی 34.5  ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە، بەڵام کڕیاری کەم بووە.

هەروەها هاوردەی نەوتی ئێران بۆ چین لە مانگی تەممووزەدا گەیشتووەتە 556 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەمەش نزمترین ئاستە لە دوای کانوونی دووەمی 2023وە.

 پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا فرۆشی نەوتی ئێران دووبارە بووژانەوە بەخۆیەوە ببینێت، بەو مەرجەی تاران داشکاندنی زیاتر بۆ بارە نەوتەکانی مانگی ئاب و ئەیلوول بکات.