عێراق گەورەترین زەرەرمەندی جەنگی ئێران بووە

بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل لە دژی ئێران، سەرجەم وڵاتانی جیهان بە تایبەت کەنداو بە بواری پیشەسازی نەوتدا زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە، لەو نێوەندەشدا عێراق و سعوودیە دوو گەورەترین زەرەرمەندی ئەو جەنگەن. 

دووشەممە 13ـی تەمووزی 2026، بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس، جەنگی ئێران بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکەی بە رێژەی 18% کەم کردووەتەوە، هاوکات لە مانگی ئاداردا 7.7 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لەدەستداوە، کە زۆربەی بەرهەمی عێراق و سعوودیە بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، شڵەژانی بازاڕەکانی وزەی جیهان کاریگەری نەکردووەتە سەر گەشەی چاوەڕوانکراوی خواست لەسەر نەوت بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو.

بەپێی راپۆرتی مانگانەی ئۆپێک کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، بەرهەمهێنانی وڵاتانی هاوپەیمان لە مانگی ئاداردا گەیشتووەتە نزیکەی 35 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا لە مانگی پێشووتردا 42.7 ملیۆن بەرمیل بووە، ئەمەش رەنگدانەوەی روونی داخستنی گەرووی هورمزە لەلایەن ئێرانەوە.

عێراق یەکەم زیانمەندە:
عێراق لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانە دێت کە بەرهەمهێنانیان کەمی کردووە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداردا تەنها 1.6 ملیۆن بەرمیل بووە، ئەمەش دابەزینێکی گەورەیە کە زیاتر لە 2.6 ملیۆن بەرمیلە بەراورد بە مانگی شوبات.

هەروەها سعوودیە لە پلەی دووەم دایە و بەرهەمهێنانی بە بڕی 2.3 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە و گەیشتووەتە 7.8 ملیۆن بەرمیل، دوای ئەویش ئیمارات بە دابەزینی 1.5 ملیۆن بەرمیل و کوەیت بە 1.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دێن.

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، هەناردەی نەوتی خاوی وڵات لە مانگی ئاداردا بە رێژەی زیاتر لە 81% کەمی کردووە، بە جۆرێک داهاتی هەناردەکردن لەو مانگەدا تەنها 2 ملیار دۆلار بووە.

بازاڕەکانی نەوت لە سەرەتای جەنگەکەوە تووشی شڵەژانی توند بوون لە نرخەکاندا، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران گەرووی هورمزی داخست کە پێنجیەکی پێداویستی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، هەروەها نرخەکان دوای راگەیاندنی ئاگربەستێک کەمێک دابەزین، بەڵام دوای شکستی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و راگەیاندنی گەمارۆی دەریایی گشتگیر لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ سەر گەرووەکە و بەندەرەکانی ئێران، دووبارە نرخەکان بەرزبوونەوە.

راپۆرتەکە بۆ سێیەم مانگ لەسەریەک پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خستنەڕووی نەوت لە دەرەوەی "ئۆپێک پڵەس" بۆ ساڵی 2026 بە 630 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا جێگیر کردووە، هەروەها پێشبینی دەکات خستنەڕووی نەوت لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکە بۆ ساڵی داهاتوو بە بڕی 620 هەزار بەرمیل زیاد بکات.

لە راپۆرتەکادا هاتووە، ئۆپێک پابەند بووە بە پێشبینییەکانی پێشووی سەبارەت بە گەشەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت و بۆ هەشتەم مانگ لەسەریەک پێشبینییەکانی ساڵی 2026ـی لەسەر 1.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا جێگیر کردووە، هەروەها پێشبینی گەشەی خواست بۆ ساڵی 2027 بە 1.3 ملیۆن بەرمیل ماوەتەوە.

سەبارەت بە کۆی گەشەی خواستی جیهانی، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئەمساڵ 106.5 ملیۆن بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا، و بۆ ساڵی 2027 پێشبینی دەکرێت بگاتە 107.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.