رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی: بڕیاری سەپاندنی باج لە گەرووی هورمز یاسایی نییە
رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی 20% بەسەر کەشتییەکانی گەرووی هورمز دەربڕی. رێکخراوەکە جەختی کردەوە، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ وەرگرتنی پارە لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییانە و ئەم هەنگاوە بە پێشێلکردنی یاساکانی دەریاوانی جیهانی دادەنرێت.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا رایگەیاند کە وڵاتەکەی گەمارۆی دەریایی دەخاتە سەر ئێران و وەک پاسەوانی گەرووی هورمز بڕی 20%ـی بەهای هەر بارێکی تێپەڕبوو وەک قەرەبوو وەردەگرێت، رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند چاوەڕێی وردەکاریی زیاتر لە واشنتن دەکەن.
گوتەبێژێکی رێکخراوەکە لە لەندەنەوە بە رۆیتەرزی رایگەیاند: "ئێمە ئاگاداری بڵاوکراوەکەی سەرۆکی ئەمریکاین، بەڵام دەمانەوێت دووپاتی بکەینەوە کە هەڵوێستی رێکخراوەکەمان سەبارەت بە سەپاندنی تێچوو لە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا جێگیر و روونە؛ ئێمە بە توندی دژی هەر جۆرە باج و سەرانەیەکین بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان، چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ سەپاندنی تێچووی زۆرەملێ لە بەرامبەر تێپەڕبوون لە گەرووەکاندا بوونی نییە."
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسانی کەرتی گواستنەوەی دەریایی و بازرگانیی جیهانی نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی.
بەرپرسێکی باڵای کەرتی دەریاوانی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بە بڕیارەکەی ترەمپ بە ئاژانسەکەی گوت: "ئەم هەنگاوە چۆن دەبێتە هۆی سەلامەتترکردنی دەریاوانی؟ واشنتن چ جۆرە گەرەنتییەک پێشکەش دەکات بەرامبەر وەرگرتنی ئەم 20%ـە؟"
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ترەمپ رایگەیاندووە پرۆسەکە دەستبەجێ دەستپێدەکات، ئەمەش وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە یاسایی و ئابوورییەکانی ئەم بڕیارە بێپێشینەیەی ئەمریکا.